ئەو پەرلەمانتارەی گۆرانی بۆ سەرۆكی حكومەتی هەرێم تۆماركرد دڵێت، بە شانازییەوە پڕ بە گەرووم دەڵێم مەسرور بارزانی براگەورەی هەمووان، دەشڵێت، ئێوە لێتان تێكچووە من پەرلەمانتاری پارتیم نەك ئۆپۆزیسیۆن.
جەلال پەرێشان، پەرلەمانتاری كوردستان دەڵێت، بە شانازییەوە گۆرانی بۆ چاكسازییەكانی حكومەت دەڵێم، كەسانێكی ناحەز و دژبە چاكسازی و خۆفرۆش، دەستیان بە شاڵاوێكی چەواشەكاری كردووە لە دژی من، تەنیا لە بەر ئەوەی پشتیوانی حكومەتەكەم و چاكسازییەكانی دەكەم.
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، بە شانازییەوە و پڕ بە گەرووم دەڵێم : مەسرور مەسرور ، براگەورەی هەمووان، ئەی خۆشەویستمان، سەرۆك وەزیران.
دەشڵێت، “ئەوان شەووڕۆژ بە شانوباڵی حزب و گرووپ و باڵ و تاقمە خۆفرۆشەكانیان هەڵدەڵێن ئاساییە، بەڵام بۆ ئێمەمانان گوناه و كوفر و تاوانە! “.
ئاماژە بە ئەوەشدەكات، “هەندێكیش نووسیویانە، گوایە نابێت پەرلەمانتار گۆرانی بەسەر حكومەتدا بڵێت ! هەی تەتەو لە عەقەڵتان ! ئاخر ئێوە لێتان تێكچووە من پەرلەمانتاری پارتیم نەك ئۆپۆزیسیۆن”.
چەند ڕۆژێك پێش ئێستا ئەو پەرلەمانتارەی كوردستان لە گەڵ خاتونێك بە ناوی نیشا گۆرانییەكی بڵاوكردەوە كە بۆ مەسرور بارزانی سەرۆكی هەرێم تۆماریكردبوو، ئەوەش كاردانەوەی زۆری لێكەوتەوە و پەرلەمانتارەكە ڕووبەڕووی ڕەخنەی زۆر بووەوە.