جهمال بایك، هاوسهرۆكی دهستهی بهرێوهبردنی كۆما جڤاكین كوردستان كهجهكه، له میانهی بهشداریكردنی له بهرنامهیهكی تایبهت له كهناڵی ستێرك رایگهیاند، بۆ لهناو بردنی پیلانهكان پێویسته ههموومان پشتیوانی یهكێتی نیشتمانی كوردستان بین.
جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆماجڤاکێن کوردستان (کەجەکە) له دیدارێكی كهناڵی ئاسمانی ستێرک تیڤی، ئاماژەی بەوەکرد: “بەرخۆدانێکی مێژوویی لەئارادایە و لە مێژووی تێکۆشانیاندا بەرخۆدانێکی بەو شێوەیە نەبووە”.
وتیشی: “دەوڵەتی تورکیا پێش ئەو هێرشانە، هەڕەشەی ئەوەی کردووه لە ماوەی 15 رۆژدا هێزی گەریلا تێکبشکێنێت و هەموو هەرێمەکانی گەریلا داگیر بکات، بەڵام ئێستا تەنیا چەند گردێکی بەدەست خستووە کە ناشتوانێت لەو گردانەدا بجوڵێتەوە، ئامانجی دەوڵەتی تورک داگیرکردنی تەنیا زاپ، مەتینا و ئاڤاشین نەبوو، ویستی هەموو گۆڕەپانی گەریلا بگرێت و هێزی گەریلا لەناو ببات، دەیویست هەموو کوردستان داگیر بکات و پاشان بەسەر هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زاڵبێت، بەڵام ئەو ستراتیژیە بە بەرخۆدانی گیانفیداییانەی گەریلا پوچەڵ کرایەوە”.
جەمیل بایک، باسی لهوهشكرد: “دەوڵەتی تورک پاش تێکچوونی سوپاکەی لە بەرامبەر بەرخۆدانی هێزی گەریلادا، پارتی خستە گەڕ، بەڵام ئەو سیاسەتەش سەرنەکەوت و دواجار پەنای بۆ هێرشی کیمیاوی هێناوە، تەنیا لە ماوەی یەک مانگدا 157 جار چەکی کیمیایی بەکارهێناوە، ئاکەپە و پارتی چی لە دەستیان دێت با بیکەن، ئەم تێکۆشانە هەر سەردەکەوێت”.
جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆماجڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە درێژەی قسەکانیدا سەبارەت بە بۆسەدانانی پارتی بۆ دوو گروپی گەریلا و ئاشکرا نەبوونی چارەنووسی ئەو گەریلایانە ئاماژەی بەوەدا: “بۆسەکان ئاستی هاوکاریی پارتی بۆ دەوڵەتی تورکیا دەردەخات”.
وتیشی: “پارتی رێگای گەریلا دادەخات، گەمارۆی خستووتە سەر هێزی گەریلا و لە بەردەم رێگای هاتوچوونیاندا بۆسە دادەنێت، ئەمە خواستی دەوڵەتی تورکە کە پارتی جێبەجێی دەکات، سەرەڕای ئەوەی کە گەلەکەمان داوا لە پارتی دەکەن، ئامانجی ئەو بۆسانە ئاشکرا بکات و چارەنووسی ئەو گەریلایانەی کە کەوتوونەتە بۆسەکەوە ڕوون بکاتەوە، بەڵام پارتی هیچ راگەیەندراوێک بڵاو ناکاتەوە، هیچ بایەخێک بە رای گشتیی کورد نادات و تەنیا دەیەوێت دەوڵەتی تورکیا رازیی بکات”.
بایک سەبارەت بە هەڵوێستی ناتۆ و ئەمریکا لە بەرامبەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە رایگەیاند: “بێدەنگی ئەو لایەنانە لە بەرامبەر بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی، بەواتای هەڵکردنی گڵۆپی سەوز بۆ دەوڵەتی تورکیایه و پێویستە گەلەکەمان لێپرسینەوە لەم هەڵوێستە بکەن”.
جەمیل بایک وتیشی: “تیرۆری شوکری سەرحەد تەنیا تیرۆری ئەندامێکی پەکەکە نییە، ئەو هێرشە لە کەسایەتیی ئەندامێکی پەکەکەدا هەموو گەلی کوردی کردووەتە ئامانج، ئەو کۆمەڵکوژییە بۆ تێکشکاندنی ئیرادەی گەلی کورد ئەنجامدراوە، دەوڵەتی تورک دوژمنی هەموو گەلی کوردە، دەوڵەتی تورک دەیەوێت هەموو کەسێک بترسێنێت و چۆکدا بدات، دەوڵەتی تورک ئامادەکاری ئەوە دەکات تا لە دەرفەتی گونجاودا هەموو کوردستان داگیر بکات، بەم ئامانجەش کار لەگەڵ تورکمانەکان دەکات، دەیەوێت لە باشوور ئاڵۆزی دروست بکات و بە بیانوی پاراستنی تورکمانەکان ناوچەکە داگیر بکات، پێویستە خەڵکمان ئاگاداری ئەو پیلانە بن و کاردانەوە نیشان بدەن، ئەگەر ئەمڕۆ کاردانەوەیان نەبێت رەنگە داهاتوو درەنگ بێت”.