وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگرتنی خوێندنی لە قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندن لە دوو رۆژ بەر لە دەستپێکردنی هەڵبژاردنی پێشوەخت و رۆژێک لە دوای هەڵبژاردنەکە، راگەیاند.
ئەمڕۆ دووشەممە 27ی ئهیلوولی 2021، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانەی ئەنجامدانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد: “دوو رۆژ بەر لە دەستپێکردنی هەڵبژاردن قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندن رادەستی کۆمسیۆن دەکرێن و رۆژێک لەدوای هەڵبژاردنیش خۆمان رێکدەخەینەوە و پاشان دەستدەکرێتەوە بە خوێندن”.
وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوەش کرد: “دۆخی تەندروستی لەناو قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندن بە باش ناوبرد”.
وتیشی: “لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت هەر پابەندبین بە خۆپارێزی و مامۆستایانیش بچن بەدەنگ وەرگرتنی ڤاکسین”.
وەزیری پەروەردە دوو شتی بە گرەتنی دانا بۆ بەردەوامبوونی خوێندنی ناو پۆل ئەوانیش، “پابەند بوون بە رێنماییە تەندروستییەکان بەتایبەتی بەستنی دەمامک و دووەمیان وەرگرتنی ڤاکسین”.