لەدوای كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان دوو جۆر پەتا لەناو منداڵاندا بڵاوبۆتەوە كە هەندێكیان بە سەختی تووش دەبن و هەندێكیشیان بە سووكی لەو بارەیەشەوە پزیشكێكی پسپۆڕ رایدەگەیەنێت، “بەهۆی كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكانەوە چاوەڕوانکراوە کە حاڵەتی توشبوونی منداڵان بە كۆرۆناو پەتای وەرزی زیاد بکات”.
د.پشدەر عەبدوڵڵا پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د.جمال ئەحمد ڕەشیدی منداڵان لە لیدوانێكدا بۆ ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی ئاماژەی بۆئەوەكرد،” بەهۆی کردنەوەی دەرگای خوێندنگاو قوتابخانەکان چاوەڕوان کراوە کە حاڵەتی توشبوونی منداڵان بە كۆرۆناو پەتای وەرزی زیاد بکات”.
وتیشی،” بەهۆی ئەوەی ساڵی رابردوو دەرگای ئەو شوێنانانە داخراوبوون و کەمترین تووشبووی منداڵ هەبوو،
بەشی زۆری منداڵان لە دژی کۆڕۆنا و پەتا وەرزیەکان بەرگرییان بۆ درووست نەبووە، بۆیە ئەو حاڵەتانە چاوەڕوانکراوە”.
سەبارەت بەوەی ئایە لەگەڵ داخستنی دەرگای خوێندنگاو قوتابخانەکاندان ئەو پزیشکە پسپۆڕە رایگەیاند،”
بەدڵنیاییەوە نەخێر، دوو ساڵی ڕابردوو گەورەترین زیان بەر پڕۆسەی پەروەردەو فێرکردن کەوت، دەبێت داخستنی دەرگای خوێندنگاو قوتابخانە دوا شوێن بێت کەبیری لێ بکرێتەوە، ئەویش لەبەر گرنگی پڕۆسەی پەروەردەو فێرکردن”.
باسی لەوەشكرد،”لە ئێستادا باشترین ڕێکار کە بگیرێتەبەر خۆپارێزییە،منداڵان فێر بکرێن کەچۆن خۆپارێزی بکەن”.
د.پشدەر عبدللە لەبارەی قورس و سوکی پەتاکەوە ڕایگەیاند ، “بەشی زۆری منداڵان بەسووکی پەتا دەگرن، هەر نیشانەیان لێ دەرناکەوێت، بەشێکیشیان بە تووندی دەیگرن،ب ەڵام دوای وەرگرتنی چارەسەر لەنەخۆشخانە بە چەند ڕۆژێکی کەم باروودۆخیان باش دەبێت و دەنێردرێنە ماڵەوە.”
لە سەر چۆنێتی چارەسەرەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی و فراوانی نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد ڕەشیدی منداڵان د.پشدەر بە گرنگییەوە باسی لە چارەسەرەکان و دۆخی ئێستای نەخۆشخانەکە کردو وتی،”بارودۆخ زۆر ئاساییە، توانای نەخۆشخانەکە هەم لەڕووی ژمارەی بێد و ئامێری پێویست و دەرمان و تاقیگەوە هەنگاوی باشی ناوە و دەتوانم بڵێم لە باشترین باروودۆخداین”.