دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت لە سەبینێوە هەلی كار بۆ دەرچووانی بەشە گەشتیارییەكان دەڕەخسێنن، دەشڵێت ” سەرجەم شوێنە گەشتیارییەكانیش پابەند دەكرێن بەوەی ٣٠٪ كارمەندەكانیان لە نەتەوەی كوردو دەرچووی ئەو بەشانە بن”.

ئەمەل جەلال سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند” لەسبەینێوە دەست بە ئاگاداركردنەوەی دەرچووانی بەشە گەشتیارییەكانی زانكۆ و پەیمانگاكان دەكرێت، كە خولیان بۆ دەكرێتەوە و دەنێردرێن بۆ شوێنە گەشتیارییەكان و هەلی كاریان بۆ دەڕەخسێنین”.

وتیشی،” سەرجەم شوێنە گەشتیارییەكانیش پابەند دەكرێن بەوەی ٣٠٪ كارمەندەكانیان لە نەتەوەی كورد و دەرچووی ئەو بەشانە بن”.

سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم ئاماژەی بەئەوەشكرد،” ئەمە دەرفەتێكە بۆ هاندانی گەنجان كە كۆچ نەكەن و هەست بكەن لەهەرێمی كوردستان دەرفەتی كاریان دەبێت”.

جەختی لەوەش كردەوە، “ئەوەی كەرتی گەشتوگوزاری لە عێراق و هەرێم پێشخستووە كەرتی تابیەتە و داوا لە كۆمپانیاكان دەكەم چالاكی جوانتر و باشتر بكەن تاكو گەشتیاری نوێ بۆ هەرێم ڕابكیشن”.

ئەمەل جەلال ئەوەشی خستەڕوو، چەندین جۆری گەشتوگوزار لەهەرێمی كوردستان هەیە، بەڵام بەشێك هاوڵاتییان شارەزای هەموویان نین، كە بریتین لە ژینگەیی و ئایینی شوێنەواری، وەرزشی، سەركێشی، چارەسەری و پزیشكی و جۆری دیكەش، كوردستان بەهەر یەكێك لەو جۆرانە دەوڵەمەندە.