وەزیری دارایی رایدەگەیەنێت حكومەتی هەرێم بۆ دابینكردنی مووچەی هاووڵاتیان هیچ كەمتەرخەمی نەكردووەو نایكات، وتیشی ئومێد مان ئەوەیە 200 ملیار دینارەکەی بەغدا دێت.
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بۆئەوەكرد، ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق دوو جار بڕیاری ناردنی 200 ملیار دیناری بۆ هەرێم داوە، ئومێدمان ئەوەیە كە 200 ملیار دینارەكەی بەغدا دێت.
وتیشی، هەموومان ئەزموونی پێشووی عێراق دەزانین و دۆخی ئەو وڵاتە لەئان و ساتدایە بەئەرێنی یان نەرێنی.
وەزیری دارایی هەرێم راشیگەیاند، ئەوەی كە گرنگە حكومەتی هەرێم بۆ دابینكردنی مووچەی هاووڵاتیان هیچ كەمتەرخەمی نەكردووەو نایكات، هیواداریشین عێراق لەسەر ئەم سیاسەتەی ئێستای بەردەوام بێت.
ئاشكراشیكرد، لە 7ی مانگەوە بەڕەسمی نووسراومان ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراق كردووە، بەگوێرەی زانیارییەكان تائێستا پارەكەیان تەمویل نەكردووە.
پێشتر فارس عیسا نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا راگەیاند “حکومەتی عێراق بڕیاری ناردنی ٢٠٠ ملیار دینارەکەی بۆ هەرێمی کوردستانداوە”.
نوێنەری حکومەتی هەرێم لە بەغدا ئاماژەی بەوەشکردووە، “رێكارە كارگێڕییەكان تەواو بكرێت، پارەكە هاوشێوەی دوو مانگی پێشووتر دەنێردرێت، كە پێدەچێت هەفتەی داهاتوو بنێردرێت”.
بەپێی لێدوانی جوتیار عادل وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەتا بەغدا 200 ملیار دینارەكە رەوانەی هەرێم بكات موچە بەبێ لێبڕین دابەشدەكرێت.
هاوكات لە 25ی مانگەوە دەست بە دابەشكردنی موچەی مانگی ئەیلولی موچە خۆرانی هەرێم بەبێ لێبڕین كرا.