وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایدەگەیەنێت، لە پڕۆژەیەکی کنە و پشکنیندا به‌ ناوی “لە دەشتەوە بۆ ئەشکەوت” بۆ ئەشکەوتی ڕەش پاشماوەی چەندین پارچەی چاخی ئاسن و سەردەمی ئیسلامی دۆزراونەتەوە.

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیاندووە، لە هەفتەی ڕابردوو زانكۆیه‌كی ئه‌ڵمانی پرۆژەیەکی كنه‌ و پشكنینی به‌ ناوی “لە دەشتەوە بۆ ئەشکەوت” لە سۆران بۆ شوێنەواری ئەشکەوتی ڕەش لە چیای برادۆست جێبه‌جێ كرد، لە ئەنجامدا چینەکانی خاكی “ئەشکەوتی ڕەش” پاشماوه‌ی چاخی ئاسن و سەردەمی ئیسلامی لێ دەرکەوت و له‌لایه‌ن زانكۆكه‌وه‌ ده‌نێردرێت بۆ پشكنین.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، لە پرۆژه‌ی كاری كنه‌ و پشكنین لە ئەشکەوتی ڕەشدا چه‌ندین پاشماوه‌ی چاخی ئاسن وه‌ك گلێنه و شوێنی بڕینی بەردی قەدپاڵی ئەشکەوت و چەند ڕیزە دیواری بەردی لێ دۆزرانه‌‌وه‌.

عه‌بدولوه‌هاب سلێمان، به‌ڕێوه‌به‌ری شوێنه‌واری سۆران ڕایگه‌یاند: لە ساڵی 2013  گرێبه‌ستێكمان له‌گه‌ڵ زانكۆیه‌كی ئه‌مریكی هه‌بوو بۆ كاری كنه‌ و پشكنین له‌ گرده‌ ده‌شت بۆ ماوەی پێنج ساڵ، به‌ڵام پاش کۆتایی ھاتنی گرێبەستەکەیان ئەم شوێنە شوێنەوارییەمان رادەستی تیمی زانكۆی كیلی ئه‌ڵمانی کرد بۆ ئەنجامدانی پرۆژەی “لە دەشتەوە بۆ ئەشکەوت” و پاش كاركردن له‌ شوێنه‌واری ئه‌شكه‌وتی ڕه‌ش لە ساڵانی (2018-2019-2021) توانیمان پاشماوەی چاخی ئاسنی لێ بدۆزینەوە کە لەو سەردەمدا شانشینی ئۆرارتی لە ناوچەکەدا حووکمڕانی کردووە و لەوە دەچێت ئەم ئەشکەوتە لەلایەن ئۆرارتییەکانەوە وەک خاڵێکی پشکنین و چاودێری بەکارھاتبێت.

سه‌باره‌ت به‌ ئامانجی پرۆژه‌كه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری شوێنه‌واری سۆران ده‌شڵێت، به ‌گوێره‌ی سه‌رچاوه‌ مێژوویی و شوێنه‌واری و ئه‌نترۆپۆلۆجییه‌كان‌ سه‌ره‌تا مرۆڤ له‌ شاخ و ئه‌شكه‌وته‌كان به‌ره‌و ده‌شته‌كان هاتووه‌، به‌ڵام پاش دروستبوونی گوندە كشتوكاڵییەکان و پیشه‌سازی شار و شارستانییه‌ت، جارێكی دیكه‌ مرۆڤ ڕووی له‌ ئه‌شكه‌وته‌كان كردووه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌و تیمه‌ی زانكۆی كیل كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێت بزانن هۆكاره‌كانی دووباره‌ به‌كارهێنانه‌وه‌ی ئه‌شكه‌وت له‌لایه‌ن مرۆڤه‌وه‌ بۆچی دەگەڕێتەوە‌؟ ئه‌وه‌ یه‌كێكه‌ له‌ پرسیاره‌كان كه‌ شوێنه‌وارناسه‌كان به‌دوای داده‌گه‌ڕێن و ئێستاش ئه‌و تیمه‌ی زانكۆی كیلی ئه‌ڵمانی كار له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌كه‌ن و چه‌ندین چینی خاكیان له‌ ئه‌شكه‌وتی ڕه‌ش دۆزیوه‌ته‌وه‌ و ده‌ینێرن بۆ پشكنین و بەراوردی چینەکانی ئەشکەوتەکە دەکرێت لەگەڵ گردە شوێنەوارییە دەستنیشانکراوەکە.

به‌ڕێوه‌به‌ری شوێنه‌واری سۆران ڕاشیگه‌یاند، له‌ ئه‌مجامی پشكنینه‌كانمان لەگەڵ زانكۆی كیلی ئه‌ڵمانی، گومانی ئەوە دەکەین کە مرۆڤ ئەم ئەشکەوتەی لە چاخەکانی بەردینەوە بەکارھێنابێت، بەڵام له‌ سه‌رده‌می چاخی ئاسندا ئه‌و ئه‌شكه‌وته‌ بە تەواوەتی لەلایەن ئۆرارتییەکانه‌وه‌ پاک کراوەتەوە و سەرجەم چینەکانی خاکیان ڕاماڵیووە و خستوویانەتە ناو دۆڵی گه‌لی عەلی بەگ و ‌ دواتر وەکو میحوه‌رێكی ستراتیژی و چاودێری بەکارھێنراوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆڵەکە کە بۆ بازرگانی و جموجۆڵی سەربازی لە ناوچەکەدا رێگه‌یەکی سەرەکیی ھاتوچۆ بووە.

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە بڵاوکراوەکەدا ڕایگەیاندووە، کە بڕیار وایە لەم هەفتەیەشدا كاری كنه‌ و پشكنین له‌ شوێنه‌واری گرده ‌ده‌شت لە دەشتی دیانا ده‌ستپێبکات.

1133