لەبارە كۆبوونەوەی ژمارەیەك لە هۆزە عەرەبەكان لە هەولێر لە ژێر ناوی (السلام والاسترداد) سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت” هەموو چاوەڕێی ئەنجامی لێكۆڵینەوە بن كە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە بەڕێوە دەچێت”.
سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بۆئەوەكردوە، “بە هیچ شێوەیەك ئاگاداری كۆبوونەوەكە و ناوەڕۆكی بابەتەكانی نەبووە و ئەوەی لە كۆبوونەوەكە دەرچووە، بە هیچ شێویەك بۆچوون و سیاسەت و هەڵوێستی هەرێمی كوردستان نییە”.
داواش لە هەموو لایەن و هێزە عیراقییەكان دەكات بابەتەكە ئارامتر وەرگرن و هەموو چاوەڕێی ئەنجامی لێكۆڵینەوە بن كە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە بەڕێوە دەچێت.
دەقی راگەیێندراوەكەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان:
دەربارەی كۆبوونەوەیەك كە دوێنێ هەینی 2021/9/24 بە ناوی (السلام والاسترداد) لە هەولێر ئەنجام دراوە و كاردانەوەی لێكەوتووەتەوە، ڕایدەگەیەنین كە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بە هیچ شێوەیەك ئاگاداری كۆبوونەوەكە و ناوەڕۆكی بابەتەكانی نەبووە و ئەوەی لە كۆبوونەوەكە دەرچووە، بە هیچ شێویەك بۆچوون و سیاسەت و هەڵوێستی هەرێمی كوردستان نییە.
دووپاتی دەكەینەوە كە هەر باس و هەڵوێست و ئاراستەیەك پەیوەندی بە سیاسەتی دەرەوەوە هەبێت، بەپێی دەستوور دەسەڵاتی حكوومەتی فیدراڵییە و هەرێمی كوردستان لەمبارەیەوە بە تەواوی پابەندی سیاسەتی دەرەوەی عێراقە.
داوا لە هەموو لایەن و هێزە عیراقییەكان دەكەین بابەتەكە ئارامتر وەرگرن و هەموومان چاوەڕێی ئەنجامی لێكۆڵینەوە بین كە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە بەڕێوە دەچێت.
دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
2021/9/25