قوباد تاڵەبانی، رایگەیاند لە دوای 8ـی تەممووزەوە “هاشوهوشی سۆشیاڵمیدیا” کەمبووەتەوە و سایت هەبووە پارەی لە ئیدارەی گشتی وەرگرتووە و دژایەتی تیمی یەكێتی لە حكومەت كردووە.
 
ئەمڕۆ 25-9-2021، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی لیستی هاوپەیمانی کوردستان لە دیدارێکیدا لەگەڵ رۆژنامەنوسان لەبارەی دۆخی میدیا، هەڵبژاردنی عێراق، کێشەکانی سلێمانی و یەکێتی قسەیکردووە و وتی ئەو میدیا و سۆشیاڵمیدیایانە “بە پارەی شەرعی و ناشەرعی بەڕێوەدەبران، بەشێک لەو میدیایانە بە پارەی یەکێتی بەڕێوەدەبران و دژایەتیی یەکێتیشیان دەکرد، چەندین دۆسیەشیان لەسەر بەرپرسانی یەکێتی کردووەتەوە.”
 
لەبارەی ئازادیی میدیا و میدیاکارانەوە قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، “هەتا هەبم رێگە نادەم لە زۆنی سەوز بە هەمانشێوەی بادینان رۆژنامەنووس بدرێتە دادگە، لە کفری هەتاوەکو دێگەڵە فەرهەنگێکی جیاواز بەراورد بە دێگەڵە بۆ زاخۆ هەیە.”
 
لەبارەی دۆخی ناوخۆی یەکێتیشەوە، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، “کاتەکەی ئێمە دیاریمان نەکرد، بەڵکو رووداوەکان کاتەکەیان دیاریکرد.، ئەو کەسانەیشی کە فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە، لەسەر سکاڵای ماڵی مام جەلال نەبووە، ئێمە سکاڵامان لەسەر کەس تۆمارنەکردووە.”
لەبارەی پۆستی سەرۆک کۆماریشەوە، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند “یەکێتی نایەوێت لە بەرامبەر وەرگرتنی هیچ پۆستێکدا دەستبەرداری پۆستی سەرۆک کۆمار ببێت.”
جێگری سەرۆکوەزیران سەبارەت بە قاچاخچێتی لە سنوورەکانی سلێمانیش قسەیکرد و باسی لەوە کرد کە “قاچاخچێتی بەشێوەی پێشتر نییە و کەمبووەتەوە، بەڵام بنبڕنەکراوە، هەوڵ دەدەین بنبڕی بکەین.”