میدیای پەكەكە ڕایگەیاند، هەفتەیەک بەسەر شەهیدکردنی یاسین بولوت ناسراو بە شوکری سەرحەد تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا بکوژانی دەستبەسەر نەکراون، ئەو بەڵگانەش کە بڕیار بوو بۆ ڕای گشتی بخرێنەڕوو هێشتا بڵاو نەکراونەتەوە، بەپێی زانیارییەکانیش بکوژەکان هەڵهاتوون بۆ هەولێر.
میدیای پەكەكە بڵاویكردووەتەوە” دەوڵەتی داگیرکەری تورک ڕۆژی ١٦ی ئەم مانگە لە سلێمانی هاوڵاتییەکی خەڵکی باکووری کوردستان بەناوی فەرهاد بارش کردە ئامانج و برینداری کرد، ڕۆژی دواتر یاسین بولوت ناسراو بە شوکری سەرحەد ئەندامی کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی پەکەکە، کاتژمێر٠٩:٠٠ لە گەرەکی چوارچرای شاری سلێمانی، لەلایەن ئەندامانی میتی دەوڵەتی داگیرکەری تورک کرایە ئامانج و شەهیدبوو، پاشانیش بكوژەكە هەڵهاتووە بۆ هەولێر”.
ئاماژە بەوەشكراوە”هێرشەکە تەنیا بەدەستی یەک کەس ئەنجام نەدراوە، بە دەستی چەند کەس و بە شێوەی پلانداڕێژراو بووە، کەسی دەستبەسەرکراو بکەری ڕووداوی یەکەم واتە هێرشکەری سەر فەرهاد بارشە و بکوژانی شەهید شوکری سەرحەد دەستبەسەر نەکراون”.
دەشڵێت”بەپێی زانیارییەکان، هێرشکەرانی سەر شەهید شوکری لە چوار کەس پێکدێن، یەکێکیان هێرشەکەی ئەنجامداوە و ئەوانەی دیکە لە نزیکی ڕووداوەکە بوونە و پاش هێرشەکە بە ئۆتۆمۆبیلێکی پیکابی جۆری تۆیۆتا هەڵهاتوون”.