وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، لەماوەی 9 مانگی ڕابردوودا نزیكی هێندەی دوو ساڵی رابردوو گەشتیار سەردانی هەولێریان كردوە.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بۆئەوەکرد، بەپێی ئاماری دەستەی گشتیی گەشتوگوزار لە ماوەی هەشت مانگی ڕابردوودا نزیكەی 2 ملیۆن و 500 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێم.
راشیگەیاند، بەراود بەهەشت مانگی ساڵی رابردوو هاتنی گەشتیاران %31 زیادی كردووەو بەپێی ئاماری گەشتیاریی هەولێر لە ماوەی 9 مانگی ڕابردوودا نزیكی هێندەی دوو ساڵی پێشوو گەشتیار هاتوونەتە پارێزگاكەوە.
هەروەها ئیسماعیل مینەخان بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا 23ی ئەم مانگە، 1 ملیۆن و 723 هەزار و 188 گەشتیار هاتوونەتە هەولێر.
وتیشی، ئەمە لە كاتێكدایە تەواوی ساڵی 2020 تەنیا 882 هەزار و 248 گەشتیار هاتبوون، واتە بەم نۆ مانگە 49% ڕێژەی گەشتیار بە بەراورد بە ساڵی پار زیادی كردووە.
بەوتەی بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەولێر كۆی تەواوی گەشتیارانی ساڵی 2019 و 2020 لە پارێزگاكە 1 ملیۆن و 860 هەزارو 236 گەشتیار بووە.