پارتی و نەوەی نوێ لە بازنەی 1ی هەولێر رێككەوتنێكی نهێنیان ئەنجامداوە، ناوەڕۆکی رێككەوتنەكەش ئەوەیە كە نابێت نەوەی نوێ لەو سنورە هێچ كاندیدێكی ژنی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق هەبێت.

میدیای رەسمی یەكێتی لە زاری سەرچاوەیەكەوە ناوەڕۆكی رێككەوتنەكەی نێوان پارتی و نەوەی نوێی ئاشكراكردوە كە بریتی بووە لەوەی نابێت نەوەی نوێ بەهیچ شێوەیەك لە بازنەی 1ی هەولێر كە قەزاكانی (شەقڵاوە، سۆران، مێرگەسۆر، رواندزو چۆمان) دەگرێتەوە، هیچ ژنێك كاندید بكەن.
سەرچاوە ئاگادارەكە ئاماژەی بۆئەوەشكردوە، پێشتر بڕیار بوو كە (وەزیرە ئەحمەد) خێزانی كاوە عەبدولقادر-ی پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لەپەرلەمانی كوردستان لە بازنەی 1ی هەولێر خۆی كاندید بكات بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق و هەموو شتێكیش تەواو بوو بوو، بەڵام دواتر بەپێی رێككەوتنێكێ نهێنی نێوانیان كە عەرابی رێككەوتنەكە ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی بووە بەناوی (ع.ح) ئاڵۆگۆڕ بەو كاندیدە كراوەو گواستراوەتەوە بۆ بازنەی 2 هەولێرو كاندیدەكەی بازنەی 2ی هەولێریش هێنراوەتە بازنەی 1 ی سۆران.

هەر بەپێی زانیاری ناو هەواڵەكە رێككەوتنەكە لەسەر داوای پارتی و بەئاگاداری شاسوار عەبدولواحیدی سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بووەو لەڕێی كاوە عەبدولقادرەوە كراوە.

بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەكە، كاوە عەبدولقادر لەو بەرپرسەی پارتیەوە نزیكەو پەیوەندی خزمایەتی و كۆمەڵایەتی لە نێوانیاندا هەیەو زوو زووش یەكتر دەبینن.

ئەو سەرچاوەیە رونیكردەوە كە پارتی چەند ئامانجێكی هەیە لە رێككەوتنەكەی لەگەڵ نەوەی نوێ كە بریتین لە:

1- بۆ ئەوەی بەئاسانی و بەكەمترین دەنگ كاندیدە ژنەكەی پارتی كە ناوی (جوان عەبدوڵڵا عومەر)ە لەو بازنەیە بەسیستمی كۆتا دەربچێت.
2- بۆ ئەوەی دەنگەكانی لیستی هاوپەیمانی لەو بازنەیە پەرت بكات لەبەرژەوەندی خۆی، تا بتوانێت شەڕی سەرخستنی سێ كاندیدە پیاوەكەی بكات لەبەرامبەر فەیسەڵ كەریم خان برادۆستی.
3- بۆ ئەوەی لەبازنەی دووی هەولێر (كۆیە، خەبات و بنەسڵاوە) رێگە بگرێت لە دەرچواندنی كاندیدە ژنەكەی یەكێتی و گۆڕان، چونكە خێزانی كاوە عەبدولقادر گواستراوەتەوە بۆ ئەو بازنەیە.
ئەو كەسەی لەگەڵ وەزیرە ئەحمەد لە بازنەی 2ی هەولێر بۆ بازنەی 1ی هەولێر ئاڵوگۆڕی پێكراوە، ناوی كوردەوان جەمالەو خەڵكی شاری سلێمانیە، كە هیچ پەیوەستێكی كلتوری و كومەڵایەتی بەو دەڤەرەی نابەستێتەوە، بەڵام نەوەی نوێ و پارتی لەبەر پەرتكردنی دەنگەكان لەپێناو بەرژەوەندی كاندیدانی پارتی وەها كارێكیان كردووە.
وەزیرە ئەحمەد خەڵكی سنوری قەزای شەقڵاوەیە، بەپێی شوێنی جوگرافیش بێت دەبوو لە بازنەی 1 كاندید بكرایە.
بەهۆی ئاشكرابوونی رێككەوتنەكەشیان، نەوەی نوێ نیگەران بون و جنێویان بەو رۆژنامەنووسانەش داوە كە قسەیان لەسەر رێككەوتنەكە كردووە.
هەر لەو بارەیەوە سەرچاوەیەك لە بازنەی سۆرانی هاوپەیمانی كوردستان رایگەیاند، پارتی و نەوەی نوێ دەیان كاندیدی دیكەش ئاڵوگۆڕ پێ بكەن، ناتوانن كاریگەری لەسەر دەنگەكانی فەیسەڵ كەریم خان بكەن، چونكە یەكێكە لەبەهێزترین پاڵێوڕاوەكانی سنوری پارێزگای هەولێر لە بازنەی 1ی هەولێر كە سنوری (سۆرانە، شەقڵاوە، مێرگەسۆر، رواندزو چۆمان) دەكرێتەوە.
هاوكات سەرچاوەكە جەختی لەسەر ئەوەشكردۆتەوە، نەوەی نوێ و پارتی بۆ هەر چوار بازنەكەی هەولێر رێككەوتنیان هەیە.