قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێم ڕایگەیاند، زۆر بەداخەوە ئەمڕۆ بیستم ڕاگەیاندنكارێكی دیكە حوكمدراوە، ئێمە دژی ئەوەین ڕاگەیاندنكار حوكم بدرێت‌و زیندان شوێنی ڕاگەیاندنكار نییە، زیندان شوێنی تاوانبارانە.

قوباد تاڵەبانی، سەرۆكی هاوپەیمانی كوردستانەو بۆ بانگەشەی هاوپەیمانییەكە لە دهۆكە، بە میدیاكانی وت “ڕاگەیاندنكارێك كە ڕای خۆی دەردەبڕێت‌و دەیەوێت گلەییەك بكات‌و ڕەخنەیەك بگرێت، بە هیچ شێوەیەك هیچ هۆكارێك نییە بۆئەوەی زیندانی بكرێت”.

ئەو وتانەی تاڵەبانی دوای ئەوە هات، ئەمڕۆ ئومێد بەرۆشكی یەكێك لە ڕۆژنامەنووس‌و چالاكانی مەدەنی بادینان، لە دوو دۆسیەدا لە دادگای دهۆك سزای ساڵێك زیندانیكردنی بەسەردا سەپێندرا، مانگی شەشی ئەمساڵیش بە هەمانشێوە لە دوو دۆسیەی دیكەدا هەریەكەیان سزای شەش مانگ زیندانیكردنی بەسەردا سەپێندرا.