وەزیری تەندروستی ھەرێم رایگەیاند رێژەی بەشداریكردنی مامۆستایان بۆ وەرگرتنی ڤاکسین زۆر کەمە، وتیشی، ١١ سەنتەری تر بۆ پێدانی ڤاکسین دەکەنەوە.

د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی ھەرێم لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا راگەیاند، ھەفتانە نزیکەی ١٠٠ ھەزار ژەمی ڤاکسین دەگاتە ھەرێمی کوردستان، ١١ سەنتەری تر بۆ پێدانی ڤاکسین دەکەنەوە.

وتیشی، لە ھەندێک شوێن رێژەی بەشداری مامۆستایان بۆ وەرگرتنی ڤاکسین زۆر کەمە، داوای لە مامۆستایانی پەروەردە و خوێندنی باڵاش كرد ڤاکسینی کۆرۆنا وەربگرن.

وەزیری تەندروستی ھەرێم ئاماژەی بۆئەوەشكرد، تا ئێستا ئەوانەی تەمەنیان سەروو ١٨ ساڵییە، ٢٠% ژەمی یەکەمیان وەرگرتووە ، ١٣% ش ژەمی دووەمیان وەرگرتووە.

ئاشکراشیکرد، کاروانێکی تری ھاوکارییەکانی رێکخراوی تەندروستی جیھانی بە بڕی ٣٠٠ ھەزار دۆلار رەوانەی وەزارەتی تەندروستی کراوە كە ١٦ بابەتی پزیشکی لەخۆ دەگرێت، وتیشی،” ھەڵ دەدەن زۆرترین ماسک بۆ ناوەندەکانی خوێندن دابین بکەن”.