30 رێكخراەو كەسایەتی هەرێم لەسەر قسەی ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان هاتنە دەنگ كە رایگەیاندبوو كوردستان بۆتە مۆڵگای پاراستنی تاوانبارانی جینۆساید .

ئەو 30 رێكخراو كەسایەتیەی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەیان بۆئەوەكردوە،” دوێنێ 22-9-2021 لە سەر زاری ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە ناوی (كاكەمین نەجار)، بۆ یەكەم جار راشكاوانە ئاشكرا كرا كە كوردستان بۆتە مۆڵگای پاراستنی تاوانبارانی جینۆساید لە عێراق, بەوەی ئێستا ئەو تاوانبارانە لە كوردستان دەژین و داڵدە دراون گوایە پەشیمانن لەوەی بەشداربوونە لە ئەنجامدانی تاوانەكانی جینۆساید بەرامبەر بە گەلەكەمان”.

ئاشكراشیانكردوە، ئەوكەسانە لە كاتێكدا زۆریان وەك تاوانبار لە دادگاكان ناویان هاتۆتەوە و سزای خۆیان وەرنەگرتووە, بە فەرمیش دانیان بە تاوانەكانیان نەناوەو داوای لێبوردنیشیان نەكردووە.

ئەوە رێكخراوانە راشیانگەیاندوە،” ئەوەی كاكە مین نەجاڕ ئاشكرای كرد، 30 ساڵە لە كوردستان جێ بەجێدەكرێت لە ژێر ناوی لێبوردنی بەرەی كوردستانی و ئاشتەواییدا, وەلێ نەجار بە ئاشكرا دەریبڕی و لە كاتێكدا تاوانبارانی تاوانی جینۆساید و تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی هیچ لێبوردنێك نایانگرێتەوە ، ئەوانە تاوانی زەق و گەورەیان ئەنجامداوە”.

وتوشیانە،”ئەم دانپێدانانە راستەوخۆیە بەڵگەی ئەوەیە، نەك بە تەنها جاش و موستەشارەكان لە هەرێمی كوردستان داڵدەدراون، بەڵكو دانپێدانانێكی راستەوخۆیە بەوەی كە سەرانی ڕژێمی پێشوو لە تاوانبارانی تاوانەكانی جینۆساید گەلی كورد لەئێستادا لە هەرێمی كوردستان دەژێن و داڵدەراون، وەك بینیمان لە ماوەی رابردوودا عزەت دوری و ئەرشەد زێباری لە كوردستان مردن و مەلا عوزێریش گەورەترین پرسەی حیزبی بۆ داندرا كە هەموو سوكایەتیبوون بە رابردوو و ئێستامان.”

لە درێژەی راگەیەندراوی كەسایەتی و رێكخراوەكاندا هاتووە،”ئێمە لێرەدا وەك رێكخراوكانی بواری جینۆسایدی گەلی كورد، بە توندی ئیدانەی داڵدەدان و دادگایی نەكردنی تاوانبارای جینۆساید و ئەو جۆرە لێدوان و پاڕانەوە و بەرگرییە لە تاوانباران دەكەین كە زۆر بێباكانە بە ناوی (پەشیمانبونەوەی ئەو تاوانبارانە) لە چوارچێوەی بانگەشەی هەڵبژاردن بە شانازییەوە دەفروشرێتەوە، لە كاتێكدا لە یاسای بەركار و رێككەوتنە نێودەوڵەتیەكان، شتێك نییە بۆ پەشیمانبوونەوە و تاوانبار دەبێت بە سزای یاسایی خۆی بگات، نەك ئەوەش بەڵكو داكۆكی و پاڕانەوە لە تاوانباران، جۆرێكە لە تاوان و لە زۆر وڵات سزای بۆ داندراوە”.

داواشیان لە داواكاری گشتی كردوە بە ئەركی خۆیان هەڵبستن و چیتر رێگە بەو جۆرە سۆكایەتییە بە یاسا و قوربانیانی جینۆساید نەدەن و تاوانباران و داكۆكیكاران لە تاوانبارانی تاوانانی جینۆسایدی گەلی كورد راپێچی دادگا بكەن.

ناوی ئەو 30 رێكخراو كەسایەتیە:

1- کۆمەڵەی داکۆکی له پرسی ئەنفال
2- رێكخراوی گەشە پێدانی مافی مرۆڤ
3- رێكخراوی كوردستان بێ جینۆسایدkwg
4- رێكخراوی ئەنفالەكانی كوردستان
5- تۆڕی رێكخراوە كوردستانیییەكان بۆ دادگای تاوانی نێودەوڵەتی -koncicc
6- رێكخراوی چیرۆكەكانی ئەنفال
7- رێكخراوی هەڵمەتی دادپەروەری ojc-
8- عەلی بەندی نووسەرو لێكۆڵەر لە بواری ئەنفال
9- ئیبراهیم هەورامانی نووسەر و لێكۆڵەر لە بواری دۆزی هەڵەبجە
10- گروپی كار بۆ ئەنفال
11- عارف قوربانی نووسەرو لێكۆڵەر لەبواری ئەنفال
12- مەلا شاخی نووسەر و رۆژنامەنووس
13- لەتیف فاتیح فەرەج نووسەرو لێكۆڵەر لە بواری ئەنفال
14- هیوا سەید سەلیم نووسەرو كوڕی شەهید
15- عادیل حاجی محەمەد ئەندامی پێشووی پەرلەمانی كوردستان و دەستەی دامەزرێنەری كۆمەڵەی داكۆكی لە ئەنفالكراوان
16- دكتۆر فاتیح سەنگاوی نووسەرو توێژەر لەبواری پرسی ئەنفال
17- رێكخراوی چاودێری كوردۆساید-چاك كوردستان
18- هێمن حەسیب چالاكوانی بواری جینۆساید
19- تۆڕی ئایكان كوردستان – ikn
20- رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كۆكوژ لە كوردستان – oawmd
21- رێكخراوی جیهانێكی بێ چەكی كیمیاوی و بایەلۆجی – www
22- هەڵمەتی ژیان دژ بە ئیعدام لە كوردستان
23- رێكخراوی مانەوە بۆ پرسی شەهیدان و ئەنفالكراوان
24- رێكخراوی دادپەروەری و ئاشتی جیهانی بۆ مافەكانی مرۆڤ
25- رێكخراوی چواردەی چوار
26- دەزگای مۆنمێنتی هەڵەبجە لە لاهای
27- دانا هەڵەبجەیی نووسەرو چالاكوانی بواری دۆسیەی هەڵەبجە
28- دلێر كەریم نووسەر لە بواری جینۆساید
29- رێكخراوی باران بۆ پرسی ئەنفال و شەهیدان
30- عەلی مەحمود محەمەد نووسەرو چالاكوان لەبواری جینۆساید