هاوسەرۆكی یەكێتیی رایدەگەیەنێت دەبێت هەمووان خزمەتی پێشمەرگە قارەمانەکانمان بکەین و لە ئاست رۆڵ و قوربانیدانیان بین، دەشڵێت لەمەودوا رێگەنادرێت هیچ کەسێک بەناوی پیرۆزی پێشمەرگەوە دەستدرێژی بکاتە سەر موڵکی گشتی و یاساشکێنی بکات.

بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە بەرپرسی سەربازی لەگەڵ ئامرلیواکانی ھێزی پێشمەرگە کۆبووەوە رایگەیاند،”ئێوە پارێزەر و خاوەنی یەکێتین و ئێمە مێژووی پڕ لە خەبات و شانازی ئێوە لە یادناکەین. لە هەوڵەکانمان بەردەوامین بۆ پێداچوونەوە و رێکخستنەوەی یەکەکان و بەرەوپێشچوونی توانا سەربازییەکان”.

 

وتیشی،” خزمەتکردنی هێزەکانی پێشمەرگە و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بە ئەرکی خۆمان دەزانین و لەداهاتووشدا گۆڕانکارییەکان دەبینن، لەو لەو چوارچێوەیەشدا وەرگرتنی ئابوونەی حیزبی لەناو هێزەکانی پێشمەرگە قەدەغەکرا”.

هاوسەرۆکی یەکێتی راشیگەیاند،”  دەبێت هەمووان خزمەتی پێشمەرگە قارەمانەکانمان بکەین و لە ئاست رۆڵ و قوربانیدانیان بین”.

لەدرێژەی کۆبوونەوەکەدا بافڵ تاڵەبانی سەبارەت بە هەوڵەکانی رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ئاماژەی بۆئەوەشكرد،”یەکێتی پەرۆشی دروستکردنی هێزێکی نیشتمانییە کە بەرگری لە خاکی کوردستان و بەرژەوەندییە باڵاکانی بکات، بەپشتیوانی هاوپەیمانان و دۆستەکانمان ئەم پرۆسە نیشتمانییە جێبەجێ دەکەین و هێزی پێشمەرگە دەکەینە هێزێکی پڕچەک و پۆڵایین بەشێوەیەک لەئاست تەحەددییەکان بێت و پارێزەری سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان بێت.

هاوسەرۆکی یەکێتی سەبارەت بەچاکسازییەکان و رووبەڕووبوونەوەی یاساشکێنان باسی لەوەكرد،” دەبێت ھێزی پێشمەرگە وەک ھەمیشە سەرمەشقی گۆڕانکاری بن و پارێزەری جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگا بن”.

وتیشی،” لەمەودوا رێگەنادرێت هیچ کەسێک بەناوی پیرۆزی پێشمەرگەوە دەستدرێژی بکاتە سەر موڵکی گشتی و یاساشکێنی بکات، ھەرکەسێکیش لە هەر پلە و بەرپرسیارێتییەکدا بێت بەتوندترین شێوە رووبەڕووی دەبینەوە و راپێچی بەردەم دادگای دەکەین، کەدڵنیام ھێزی پیرۆزی پێشمەرگە وەک ھەمیشە پشتیوانی سەرخستنی ئەم پرۆسە نیشتمانییە دەبێت”.