سەعدی ئەحمەد پیرە رایدەگەیەنێت”پێویستە ئەوانەی کەمتەرخەمبون بەرامبەر پاراستنی شنگال و ئێزیدییەکان لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکرێت”.
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و سەرۆکی تیمی بانگەشەی لیستی هاوپەیمانی کوردستان لە پارێزگای نەینەوا لە کۆبونەوەیەکی جەماوەریدا لەگەڵ سنوری بازنەی 2ی پارێزگاکە رایگەیاندوە،” ئەوانەی لەم دەڤەرەوە دەچنە پەرلەمان پێویستە نوێنەرایەتی خەڵکی شێخان و دەوروبەری بکەن، پێویستە لەبنەڕەتدا خۆی خەڵکی ئەو ناوچەیە بێت، چونکە باشتر لە کێشە و ئازار و مەینەتییەکانی کۆمەڵانی خەڵک تێدەگات و دڵسۆزانەتر هەوڵ دەدات بۆ چارەسەری کێشە و گرفتەکانیان لە بەغدا”.
لەبارەی هێرشی چەكدارانی داعش بۆ سەر پارێزگای نەینەواو شنگال ئاماژەی بۆئەوەكردوە، “ئێمە پێمان وایە ژماردنی فەرمانەکانی سەر ئێزیدییەکان بەس نیە بۆ خستنەڕوی تاوانەکان، بەڵکو پێویستە ئەم تاوانانە و ئەوانەشی بونەتە هۆکار بۆ لەدەستدانی قوربانییەکان بەبڕیار بسەپێندرێت”.
وتوشیەتی،”پێویستە بەشێوەیەکی جددی کار لەسەر سزادانی ئەوانە بکرێت بونە هۆکاری ئەو جینۆسایدەی لە ئابی 2014 بەسەر خوشک و برا ئێزیدییەکان هێندرا”.
باسی لەوەشكردوە، “راستە لەروی سەربازییەوە داعش تێکشکێندراوە، بەڵام پێویستە لەپێناو دوبارە نەبونەوەی فەرمانێکی تر بەسەر ئێزیدییەکان پارێزبەندی نێودەوڵەتی بۆ ئێزیدییەکان گەرەنتی بکرێت، پێویستە ئەوانەی کەمتەرخەمبون بەرامبەر پارستنی شنگال و ئێزیدییەکان پێویستە لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکرێت”.
سەعدی پیرە راشیگەیاندوە،” ئێمە لەگەڵ پێکەوە ژیان و سەقامگیری و سیاسی و ئاشتی کۆمەڵایەتین، چونکە پێکەوە ژیان وڵات جوانتر دەکات، پارێزگای نەینەوا عیراقێکی بچوکە باشترین نمونەیە بۆ پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی سەرجەم نەتەوە و پێکهاتەکان”.