پارێزگاری سلێمانی داوادەكات هاووڵاتیان پشتیوانیی فەرمانگاکانی دەوڵەت بکەن و لە سەرپێچی و زیادەڕەوییەک دوربکەنەوە.
 
د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، بە یاوەری ئاری ڕەوف بێگەرد بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی، بە مەبەستی دڵنیابوون لە تەندروستی خۆی وکارمەندانی بەڕێوەبەرایەتیەکە بەسەرکردەوە کە ڕۆژی ڕابردوو لە جێبەجێکردنی ئەرکە یاساییەکانیان برینداربوون.
 
وەك لە راگەیاندنی پارێزگاری سلێماندا هاتووە لەو دیدارەدا د. هەڤاڵ ئەبوبەكر داوای لە هاوڵاتیانی کردوە پشتیوانیی فەرمانگاکانی دەوڵەت بکەن و لەهەر سەرپێچی و زیادەڕەوییەک دوربکەنەوە، بەتایبەتی کە یاسای پێویست بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە بەشێوەیەکی یاساییانە دەرچوون و لە بەرژەوەندی تەواوی هاوڵاتیاندان.
 
ئاماژەی بۆئەوەشكردوە، بەردەوامبوون لەسەر زیادەڕەوی جێبەجێکردنی یاساکان پەکدەخات و ڕێ لە گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان بەم شوێنانە دەگرێت.
 
لەسەردانەكەدا پارێزگاری سلێمانی هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و کارمەندەکانیان و هاوڵاتیان خواستووە داواشیكردوە هەموولایەک هەماهەنگیی یەکتربن بۆ باشتر خزمەتکردنی هاووڵاتیان.