بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی دەستگیركردنی تۆمەتبارێكی راگەیاند كە دزی لە ماڵان كردوە.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بۆ ئەوەكردوە ” بەسەرپەرشتی و رێنمایی دەزگای ئاسایشی هەرێم، بەفەرمانی دادوەر توانیمان لە رۆژی 13ی ئەیلول تۆمەتبارێک بە ناوی (ج، ع، ع) لەدایک بووی ساڵی 1979 لە ناو شارۆچکەی دووکاندا دەستگیربکەن”.

راشیگەیاندوە، ” ئەو تۆمەتبارە دزی لەماڵان کردووە و دوو دەمانچەی جۆری گڵۆک و ویلتەر و زیاتر لە پێنج سەد هەزار دینار و چەند پارچە زێڕێکی دزیوە”.

لە دەقی راگەیەندراوەكەی ئاسایشی سلێمانی-دا هاتووە ” چەندین فەرمانی دەستگیرکردنی پێشوی هەبووە لە لایەن دادگاوە لە سەر هەمان تۆمەت، پێشینەی گرتن و سزادانی بۆماوەی 11 ساڵ زیندانی هەبووە، دوای ئازادکردنی دەستی داوەتەوە ئەنجامدانی هەمان تاوان”.

باسی لەوەشكردوە “لە ئێستاشدا تۆمەتبار بەپێی ماددەی 446 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراوە و دواتر بە پێی تایبەتمەندی تاوانەکەی رادەستی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دوکان کراوە”.