شارەزایەکی بواری کەشناسی ڕایدەگەیەنێت” شەپۆلێكی سەرما و بەفر و باران ناوچەكانی باكووری كوردستان دەگرێتەوە و كاریگەری دەكاتە سەر ناوچەكانی هەرێمی كوردستان”.
ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە” ڕۆژی چوارشەممە ٢٢-٩-٢٠٢١ كاریگەری بارستە ھەوایەكی سارد لەسەر ناوچەكانی ناوەڕاست و ڕۆژئاوای وڵاتی توركیا دەستپێدەكات لە ئەنجامدا پلەكانی گەرما بە ڕێژەی زیاتر لە ١٠ تا ١٢ پلەی سیلیزی نزمدەبنەوە ئەمەش ڕاستەوخۆ كەشێكی ساردی زستانەی لەم ناوچانەدا دروست دەكات لەگەڵ دابەزینی بۆ سەر دەریای ڕەش نزمەپاڵە پەستۆیەكی ساردی بارانبارین بە ئاڕاستەی ئەم ناوچانەوە پێكدەھێنێت لەگەڵ بارینی بەفر لە لوتكەی چیا بەرزەكانی ناوچەكەدا”.
ئەوەشی خستەڕوو: لەڕۆژانی ئایندەشدا كاریگەری زیاتر ئەبێت و درێژ دەبێتەوە بۆ ڕۆژھەڵات و باشوری ڕۆژھەڵاتی وڵاتەكە.
سەبارەت بە ھەرێمی كوردستان باسی لەوەکردووە: كاریگەریەكانی ئەو بارستە ھەوایە لە ڕۆژانی ھەینی و بەتایبەت ڕۆژی شەممە ٢٥-٩-٢٠٢١ كاردەكاتە سەر ناوچەكە بەنزمبوونەوەیەكی پلەكانی گەرما بەڕێژەی (٣ تا ٤) پلەی سیلیزی زیاتر.
ڕوونیشیكردەوە: كاریگەری ئەم بارستە ھەوایە تەنھا ئەگەرێكی زۆر لاوازی بارانبارین ھەیە لە ڕۆژی ھەینیدا ٢٤-٩ لە ناوچە ھاوسنوورییەكانی باكووری كوردستان و بەشێك لە ئەوپەڕی ناوچە شاخاوییە بەرزەكانی باكوری سنووری پارێزگای دھۆك و ئاسمانی ناوچەكانی دیكەی هەرێم بەھۆی بوونی كەمێك شێ لە چینە مامناوەند و بەرزەكانی ھەوادا دەگۆڕێت بۆ نیمچە ھەور و پەڵە ھەوری جیاجیا.