ئەندامێكی لیژنەی‌ دارایی‌ لە پەرلەمانی‌ کوردستان رایدەگەیەنێت بەدواداچوون بۆ دەستپێکردنەوەی‌ دەرماڵەی‌ خوێندکارانی زانکۆو پەیمانگاكان دەكەن.

عومەر گوڵپی‌ ئەندامی‌ لیژنەی‌ دارایی‌ لە پەرلەمانی‌ کوردستان رایگەیاند،” بە هەردوو نووسراوی‌ ژمارە (١٤٣ و ١٤٤) لە رۆژی‌ (٢١ی‌ ٩ی‌ ٢٠٢١)، بەدواداچوونمان کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی‌ دەرماڵەی‌ قوتابیانی‌ زانکۆو پەیمانگاكان”.

ئاماژەی بۆئەوەشكرد،” دەرماڵەی قوتابیانی زانكۆو پەیمانگا نزیکەی‌ پێنج ساڵە ڕاگیراوە، ئەوەش بە پاساوی‌ خراپی‌ دۆخی‌ دارایی‌ و وەستانی‌ بودجەی‌ هەرێم لە بەغداو دابەزینی‌ نرخی‌ نەوت و شەڕی‌ داعش، بەڵام لە ئێستەدا دۆخی‌ شەڕ تەواو بووەو نرخی‌ نەوت بەرزبووەتەوەو داهاتەکانی‌ تریش زیاد بوون‌و بڕە پارەیەکیش لە بەغداوە لە چوارچێوەی‌ یاسای‌ بودجە مانگانە دەگاتە هەرێمی‌ کوردستان”.
وتیشی،” و هەموو ئەمانەش بوونەتە هۆی‌ باشبوونی‌ دۆخی‌ دارایی‌، بەجۆرێک حکومەت توانای‌ خەرجکردنی‌ مووچەی‌ تەواوەتی‌ هەیەو خەرجکردنی‌ پارەش بۆ هێندێک پڕۆژە دەست پێکراوەتەوە.
“.
ئەو ئەندامەی لیژنیە دارایی پەرلەمان لە واڵی تایبەتی خۆی راشیگەیاند،” سەدان‌و هەزاران قوتابی‌ لە دۆخێکی‌ سەختی‌ ژیان‌و گوزەراندا دەست بە ساڵێکی‌ نوێی‌ خوێندن دەکەن، بەتایبەت قوتابیانی‌ هەژار ئەوانەی‌ کە خێزانەکانیان هیچ سەرچاوەیەکی‌ داهاتیان نییە لە دۆخێکی‌ سەخی‌ بژێویدان، ئایا ئەکرێت دەست لە خوێندن هەڵگرن بەهۆی‌ هەژاری‌‌و نەبوونی‌ توانای‌ دابینکردنی‌ پێویستی‌‌و خەرجییەکانی‌ خوێندن؟ ئایا دەکرێت قوتابیانی‌ هەژار هەر چاوەرێی‌ دەستی‌ چاکەکاران‌و خێرخوازو گروپی‌ خێرخوازی‌ بن تا پێویستیەکانی‌ ژیان‌و خوێندنیان بۆ دابین بکات؟ خوێندن لە وڵاتێکدا کە ڕۆژانە نزیکەی‌ (٤٠٠ هەزار) بەرمیل نەوت بە نرخی‌ سەرو (٦٠ دۆلار) بفرۆشێت، دەکرێت بەمجۆرە بێت؟”.
عومەر گوڵپی باسی لەوەشكردوە ” لە ئێستەدا داهاتی‌ هەرێمی‌ کوردستان زیاترە لە یەک ترلیۆن‌و سەد ملیار دیناری‌ مانگانەیە، بە دڵنیاییەوە توانای‌ پێویست بەردەستە بۆ خەرجکردنەوەی‌ ئەم دەرماڵەیە کە پاڵپشتیەکی‌ گەورەیە بۆ قوتابیان”.

وتوشیەتی” بەزانینی‌ ئەوەی‌ ژمارەی‌ قوتابیانی‌ زانکۆو پەیمانگا نزیکەی‌ (١٣٠ هەزار) قوتابیە، بڕی‌ ئەو پارەیەی‌ پێویستە بۆ خەرجکردنی‌ دەرماڵەکە زۆر نیەو تەنها نزیکەی‌ (٥٠ ملیار دینار)ە بۆ هەموو ساڵەکە، بە پێی‌ زانیاریی‌ ئێمە توانای‌ پێویست بۆ خەرجکردنی‌ ئەو بڕە پارەیە لە هەرێمی‌ کوردستان لەبەردەستە”.