بافڵ تاڵەبانی بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنیەوە پەیامێكی پیرۆزبایی ئاڕاستەی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان دەكات و داوا لە مامۆستایان و زانایان دەكات وەک هەمیشە پێشەنگ بن لە رووبەڕووبوونەوەی بیری توندڕەوی.

لەو پەیامەدا بافڵ تاڵەبانی رایگەیاندوە، “بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی لەبەڕێزتان، زانایانی ئاینی و مامۆستایان دەکەم”.

ئاماژەی بۆئەوەشكردوە”. مامۆستایانی ئاینی رۆڵێکی گرنگ و بەرچاویان بینیووە لەمێژووی خەباتی گەلی کورد و بەھێزکردنی پایەکانی کۆمەڵگای کوردەواری لە رووی گیانی پێکەوەژیان، ئاشتی کۆمەڵایەتی و گەشەپێدانی ھزری میانڕەوی، کەئەمەش جێگای ستایش و پێزانینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە و رێزی بێسنوورمان بۆ ئەو رۆڵە جوامێرانەیە هەیە”.

هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان لە درێژەی پەیامەكەدا بۆ یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان رایگەیاندوە” دەمەوێت لەم بۆنەیەدا داوا لە مامۆستایان و زانایان بکەم کە رۆڵی زیاتر بگێڕن و وەک هەمیشە پێشەنگ بن لە رووبەڕووبوونەوەی بیری توندڕەوی، لە هەوڵەکانیان بەردەوام بن لەپێناو قووڵکردنەوەی گیانی تەبایی و پێکەوەژیان و خزمەتی زیاتری کۆمەڵگەکەمان”.