شارەزایەكی بواری كەشناسی رایدەگەیەنێت لەكۆتایی ئەم هەفتەیەدا لە ناوچە شاخاوییەكان هەرێم ئەگەری باران بارین هەیەو پلەكانی گەرما بەڕێژەیەکی بەرچاو دادەبەزێت، دەشڵێت ” دوور نییە لە لوتکە چیاکانی حەساڕۆست و هەڵگورد بڕێکی کەم بەفر ببارێت”.

سیروان ساڵح شارەزایی بواری كەشناسی رایگەیاند، “کۆتایی ئەم هەفتەیەو سەرەتای هەفتەی داهاتوو بەهۆی کاریگەری تۆپەڵە هەوایەکی ساردی جەمسەرییەوە لە بەشێكی چیاکانی باکووری کوردستان و باکووری تورکیا و باکووری ئێران ئەگەری بەفربارین هەیە و هەروەها ئەگەری بارانێکی زۆر هەیە لەو ناوچانە”.

ئاماژەی بۆئەوەشكرد،”ئەو تۆپەڵە هەوا جەمسەریە لەبەر ئەوەی بەسەر دەریای ڕەشەوە تێدەپەڕێت و خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاستیش دەگرێتەوه ئەگەر هەیە بڕێک شێ بهێنێتە چیاکانی هەرێمی کوردستان” وتیشی ئەگەری بارانبارین هەیە لە ناوچه شاخاوییە سنورییەکانی باکووری سلێمانی و هەولێرو دهۆك و پلەکانی گەرمی بەڕێژەیەکی بەرچاو دادەبەزێت و دوور نییە لە لوتکە چیاکانی حەساڕۆست و هەڵگورد بڕێکی کەم بەفر ببارێت”.

ئەو شارەزایەی بواری كەشناسی باسی لەوەشكرد كە هەر بەهۆی ئەو شەپۆلەوە له ناوچەکانی گەرمیانیش بەتەوای پلەکانی گەرمی دێنە خوارەوەو لە ناوەڕاستی پلەی سییەکان جێگیر دەبن و بەشەوان هەست بە سەرما دەکرێت.