ھاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایدەگەیەنێت پاشماوەكانی تیرۆرستانی داعش ھێشتا ھەڕەشەی جدین بۆ سەقامگیری عێراق، بەپێویستیشی دەزانێت ھەماھەنگی و ھاریكاری زیاتر هەبێت لەنێوان ھێزەكانی پێشمەرگە و عیراق و ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی.
ئەم وتانەی بافڵ تاڵەبانی ھاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەمیانی دیدارێكدا لەگەڵ كۆڵۆنێڵ ماركۆس مایەر، لێپرسراوی ھێزەكانی ئەڵمانیا لە ھەرێمی كوردستان و عێراق باسی لێوەكرا.
لە دیدارەكەدا ئەژی ئەمین، سەرۆكی ئاژانسی پاراستن و زانیاری-زانیاریی هەرێمی كوردستان ئامادەبوو، دوایین پەرەسەندنە ئەمنییەكان و چۆنییەتی رووبەڕووبوونەوەی پاشماوەكانی داعش، ھەماھەنگی نێوان ھێزەكانی پێشمەرگە و ھێزەكانی عێراق و ھاوپەیمانان و یەكخستنەوەی ھێزەكانی پێشمەرگە تاووتوێكراو بیروبۆچوونیان لەبارەوە ئاڵوگۆڕكرا.
بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەجموجوڵەكانی پاشماوەكانی تیرۆرستانی داعش كرد كە ھێشتا ھەڕەشەی جدین بۆ سەقامگیری عیراق، بۆیە پێویستە ھەماھەنگی و ھاریكاری زیاتر هەبێت لەنێوان ھێزەكانی پێشمەرگە و عیراق و ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی.
داواشیكرد پرۆژەی ھاوبەش ھەبێت بۆ پڕكردنەوەی بۆشایی ئەمنی لەو سنورانەو ھێزی ھاوبەش دروستبكرێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێكی نەخوازراو.
سەبارەت بەھەوڵەكانی یەكخستنەوەو پڕچەككردنی ھێزی پێشمەرگە، ھاوسەرۆكی یەكێتی جەختی لەچڕكردنەوەی ھەوڵەكان كردەوەو رایگەیاند، هەموو هەوڵێكی یەكێتی لەپێناو دروستكردنی ھێزێكی نیشتمانیی پڕچەك و راھێنراوە لەسەر بنەمای نوێی زانستی سەربازی بۆ ئەوەش داوای لەھێزەكانی ئەڵمانیا كرد هاوكار و ھەماھەنگ بن لەسەرخستن و بەرەوپێشچوونی ئەو پرۆسە نیشتمانییە.