بە تەقەی سوپای پاسدارانی ئێران لەسەردەشت كۆڵبەرێك كوژرا كە خاوەنی سێ منداڵەو تائێستاش تەرمەكەی رادەستی كەسوكاری نەكراوە.

لە ناوچەی “دۆڵەبی”ی سەردەشت سەربە پارێزگای ئورمیەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سوپای پاسدارانی ئێران هێرشی کردۆتەسەر ژمارەیەك کۆڵبەر، بەگوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی كۆڵبەرنیوس، لەو هێرشەدا کۆڵبەرێک بەناوی (ئومێد محەمدزادە) كە تەمەنی ٣٩ ساڵی خەڵکی گوندی (گرویس)ە و باوکی سێ منداڵە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی سوپای پاسداران کوژراوە.

ئاماژەبۆئەوەشكراوە، لەئێستادا تەرمی ئومێد محەمەدزادە، لە نەخۆشخانەی سەردەشتەو ڕادەستی كەسوكارەكەی نەکراوە.

خەڵكی ناوچە سنورییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بەهۆی سەختی ژیان و خراپی باری داراییانەوە كاری كۆڵبەری دەكەن و سوپای پاسدارانی ئێرانیش لەكاتی كۆڵبەریكردن دەیانكاتە ئامانج و بە مەبەستی كوشتن تەقەیان لێدەكەن.