سنورمیدیا
پارتی پێی وایە لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق ڕێژەی دەنگەکانی لە سنوری سلێمانی زیاد دەکات، ئەمە لەكاتێكدایە پێشتر تەنها یەك كورسیان لەدەڤەری سەوز بەدەستهێناوە و لە ئێستاشدا دەنگەكانیان دابەش بووە بەسەر چەند بازنەیەك.
رزگار ئەژی گۆران، بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنی پارتی لە ئەنجومەنی سەركردایەتی سلێمانی- هەڵەبجە، بە سنورمیدیای راگەیاند “پارتی لە سنوری بازنەی سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان و راپەڕین پێنج کاندیدی هەیە کە سیانیان ئافرەتن و دووانیان پیاون، هەر پێنج کاندیدەکەی پارتی کادری پێشکەوتوون و کەسانی خاوەن ئەزموون و لەبنەماڵەی تێکۆشەرو شۆڕسگێڕن”.
سەبارەت بە سەرکەوتنی کاندیدەکانیان بەرپرسی هەڵبژاردنەکانی پارتی لە سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد” هیوای سەرکەوتن بۆ سەرجەم کاندیدەکانیان دەخوازن و ئومێدیش دەکەن هەموویان دەنگی پێویست بەدەستبهێنن”.
راشیگەیاند، بەبەراورد بە هەڵبژاردنی رابردوو پارتی لە سنوری سلێمانی و دەورووبەری رێژەی دەنگەکانی زیاد دەکات، ئەوەشی گەڕاندەوە بۆ ئەو رووداو پێشهاتانەی کە لەماوەی رابردوودا هاتۆتە پێش و وتیشی” هەڵوێستی پارتی هەموکات لەبەرامبەر ئەو رووداوانە سەقامگیر و نەگۆڕو نەتەوەییانە بووە هەڵویستی سیاسی راست و دروست بووە”.
وتیشی” هەڵبژاردنی رابردوودا لە سەدا ١٠ ی دەنگەکانی لەم سنورە بەدەستهێناوە زۆر دڵنیاشن کە ئەمجارە رێژەکە نەک کەم ناکات، بەڵکو زیاد دەکات”.
لە هەڵبژاردنی پێشووی عێراق، لە سنوری پارێزگای سلێمانی، دەڤەری گەرمیان، دەڤەری راپەڕین و هەڵەبجە، پارتی دیموكراتی كوردستان تەنها یەك كورسی پەرلەمانی عێراقی بەدەستهێنا، لە ئێستاشدا بەهۆی سیستمی نوێی هەلبژاردن دەنگەكانی پارتی بەسەر پێنج بازنەی جیاوازدا دابەش بووە و بەپێچەوانەی قسەكانی رزگار ئەژی گۆران، بەرپرسی هەڵبژاردنی پارتی، پێشبینی دەكرێت پارتی هیچ كورسییەك لە سلێمانی مسۆگەر نەكات.
بڕیارە ڕۆژی ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عیراق بەڕێوەبچێت، لەئێستاشدا لایەنە سیاسییەکان دەستیانکردووە بە بانگەشەی هەڵبژاردن.