کاڵێ وەک تاقە کچێکى خێزانێکى شارى سلێمانى لەدواى گیرۆدەبوونى بە شێرپەنجە و تێپەڕاندنى ئەو قۆناغە سەختەى ژیان، دوێنێ لەگەڵ ئازیزانیدا ئاهەنگى هاوسەرگیرى ئەنجامدا.
د.ئەنوەر شێخە، لە بڵاوکراوەیەکدا لە هەژمارى خۆى لە فەیسبوک لەگەڵ بڵاوکردنەوەى وێنەیەکدا لەژێر ناونیشانى (چیرۆکى کاڵێ) نووسیویەتى “ئێمە لە هیوا هەر شێرپەنجە بنەبڕ ناکەین بەڵکو پەیوەندیەکی ڕۆحانی خێزانی و باوکو کیژیش دروست دەکەین!).

دەشلێت “کاڵێ شێرپەنجەی لوکیمیای پەڕاند؛ زانکۆى تەواو کرد؛ لای خۆم لە شاری پزیشکی ئەنوەر شێخە داممەزراند، وا شویەکی باشیشی هەر لە نەخۆشخانەکەی خۆمدا کرد وە خوا یار بێت منداڵەکانیشی دەگرمە باوەش”.

ئەو پزیشکە ئاماژە بەوە دەکات چەند ساڵێک لەمەوبەر ئەو کیژە جوانە چۆتە لاى بۆ دەستنیشانکردنى جۆرى ئەو شێرپەنجەیەى کە گیرۆدەى کردبوو، خێزانەکەى بیریان لەوە کردبۆوە کە کاڵێ ببەنە دەرەوەى وڵات بۆ وەرگرتنى چارەسەر، بەڵام ئەو قەناعەتى پێ کردبوون کە لە نەخۆشخانەى هیوا لە سلێمانى چارەسەر وەربگرێت.

دەشڵێت “سوپاس بۆ خودا چارەسەرییەکان ئەنجامیان هەبوو و کاڵێ شێرپەنجەى تێپەڕاند و زانکۆشى تەواو کرد”.