مەڵبەندی دهۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە بەرپرسی بەشی کۆمەڵایەتی لە کۆمیتەی رێکخستنی زاخۆی حیزبەکەیان دادگایی کراوە و سزای 7 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندراوە، بۆیە باوەڕیانوایە ” ئەو بڕیارەی دادگا بڕیارێکی ناڕاستە و دورە لە بنەما یاسایی و دادوەرییەکان، چونکە کادیرەکەمان لەژێر ئەشکەنجەدا دانپێدانانیانی لێوەرگیراوە”.
مەڵبەندی دهۆکی یەکێتیی لەراگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەشکردوە، “لە کاتێکدا دۆسیەی زیندانیانی بادینان کاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێکەوتوەتەوە، ھەموان چاوەڕوانی ئەوەبون دادگا پێداچونەوە بە بڕیارەکانیدا بکات، بەڵام ئەمڕۆ مەلا نەزیر بەرواری کادری یەکێتی لە سنوری زاخۆ سزای حەوت ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە”.
ئەوەش هاتوە، “ئەو بڕیارەی دادگا بڕیارێکی ناڕاستە و دورە لە بنەما یاسایی و دادوەرییەکان، لە ھەمانکاتدا پێویستە ھەموان ئەوە بزانن دەزگا ئەمنییەکان لەژێر ئازاردان و ئەشکەنجەدا، دانپێدانانیان لە مەلا نەزیر و دەستگیرکراوانی تری بادینان وەرگرتوە، ئەوەش پێچەوانەی بنەماکانی مافی مرۆڤە”.
نەزیر بەرواری خەڵکی شارۆچکەی دەرکارە لە سنوری زاخۆ و نزیکەی 7 مانگ پێش ئێستا بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە دەستگیرکرا. بە وتەی ئاسایشی زاخۆ، دەستگیرکردنەکە بە بڕیاری دادگای لێکۆڵینەوە بوە و دواتر کەیسەکە دراوەتە دادگا.
پەیوەست بەم بابەتەش موحسین بەرواری، بەرپرسی کۆمیتەی یەکێتی لەزاخۆ بە خەندان-ی راگەیاندبو، “11ی شوباتی ئەمساڵ مەلا نەزیر بەرواری ئەندامی کاروباری کۆمەڵایەتی کۆمیتەکەمان لەماڵەکەی خۆیدا لەناحیەی دەرکار دەستگیرکراوە”.
ئاماژەی بەوەشکردبو، “ئاسایشی ناحیەی دەرکار تۆمەتی ئەندامبون و کارکردن لەپارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ی داوەتە پاڵ ئەو کادرەی ئێمە، ئەوەش بەهۆکاری ئەوەی ناوبراو ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) یە”.