سنورمیدیا – فەرهەنگ فەرەیدون

“كەوێنەكەیم بینی تاسام، هەموو گیانم بوو بە ئارەق، هەرچەندە چاوی داپۆشرابوو، بەڵام زانیم ئەوە ماركۆیە بكوژی بەرپرسەكەی پەكەكە لە سلێمانی” ئەمە وتەی هاوڕێیەكی زمناكۆیە كە بۆ سنورمیدیا قسەیكردووە.

ڕۆژی هەینی 17ی ئەیلوولی 2021، بەرپرسی کۆمیتەی شەهیدانی پەکەکە، لە گەڕەکی چوارچرا و نزیک بنکەی پۆلیسی گەڕەکە تیرۆکرا، هاوکات رۆژی 16ی ئەیلوول، پەنابەرێکی باکووری کوردستان لە شاری سلێمانی، کە کارمەند بووە لە کۆمپانیایەکی گواستنەوە و گەیاندن لە گەڕەکی شەکرەکە ڕووبەڕووی هێرش دەبێتەوە و فیشەکێک بەر ملی دەکەوێت و برینداردەبێت.

دوێنێ 18ی ئەیلوولی 2021. ژووری ئۆپراسیۆنی ھاوبە‌شی پارێزگای سلێمانی راگەیەندراوێکی لەبارەی دەستگیرکردنی بکوژی بەرپرسەکەی پەکەکە و هەوڵی تیرۆرکردنە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، “توانراوە لەماوەی کەمتر له 24 كاتژمێردا پیلانێک ئاشكرابكرێت و تاوانباری سە‌رە‌كی ئەو دوو کردەوەیەی دوو رۆژی رابردووی سلێمانی دەستگیر بکرێت”.

ماركۆ لەگەڵ ئەمریكییەكان پەیوەندی هەبوو

هاوڕێیەكی 14 ساڵەی زمناكۆ محەمەد سابیری، ئەو كەسەی بەتۆمەتی كوشتنی بەرپرسەكەی پەكەكە دەستگیركراوە بە سنورمیدیای ڕاگەیاند” ماركۆ لەساڵی 1972 لە هەڵەبجە لەدایك بووە، وەك خۆی بۆی باسكردم پێشتر میوزیك ژەن بووە، ئەو تائەم دواییەش زۆری حەز لە هونەر بوو، بەردەوام”.

ئەو هاوڕێیەی زمناكۆ كە پێی خۆشنەبوو یەكەم پیتی ناوەكەشی بڵاوبكەینەوە لەبارەی یەكترناسینیان وتی”من نزیكەی 14 ساڵ پێش ئێستا، لەسەنتەرێكی ئینتەرنێت كارم دەكرد، ئەوكات ئینتەرنێت وەك ئێستا نەبوو كەمتر بەكار دەهات، زمناكۆ كە پێی خۆشبوو بە ماركۆ بانگ بكرێت، ئەهاتە ئەو سەنتەرە من هاوكاریم دەكرد”.

وتیشی”ماركۆ ئیمەیلی بۆ هەندێ هاوڕێی ئەمریكی دەنارد، كوڕیكی بێدەنگ سادەو كۆمەڵایەتی بوو، ئیتر وردە وردە بووینە هاوڕێی یەكتر”.

“ماركۆ دایك و باوكی نەمابوو، لەكاتی پرۆسەی ئازادی عێراق لەگەڵ ئەمریكییەكان وەك وەرگێڕ لە موسڵ كاری دەكرد، ئەو جگە لە زمانی كوردی ئینگلیزی، عەرەبی، توركی، فارسی و یۆنانیشی دەزانی” هاوڕێكەی ماركۆ وای وت.

ئاماژەی بەوەشكرد” لەسەرەتا بڕوام پێنەكرد ئەو وەرگێڕی ئەمریكییەكان بووبێت، چونكە جاربەجار دەچووە ناو خەیاڵاتەوە و دەیوت من پۆلیسی ئینتەرپوڵم، بەڵام ڕۆژێك پێناسەكەی پێنیشاندام و بۆم دەركەوت راست دەكات لەگەڵ ئەمەریكییەكان كاری كردووە”.

ماركۆ هاوسەرگیری كردبوو

سەبارەت بە پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانی هاوڕێكەی ماركۆ وتی” ماركۆ دایك و باوكی نەمابوو، بەردەوام كێشەی هەبوو لەگەڵ برا و خوشكەكانی، قسەیەكیش بۆ خوا بكەم زۆرترین كات كێشەكانیان خەتای ماركۆ بوو، نەدەگونجا لەگەڵیان”.

ئاماژەی بەوەشكرد”لەدەرەوە لەگەڵ خەڵكی دیكە، زۆر بەڕێز و زمان شیرین بوو، خەڵك ڕێزیان لێدەگرت و ئەمیش زۆر ڕێزی لەخەڵك دەگرت”.

لەبارەی پەیوەندی ماركۆ لەگەڵ كچان وتی”ماركۆ هیچ پەیوەندییەكی خۆشەویستی لەگەڵ كچێكی تایبەت نەبوو، وەك هاوڕێ هەندێ كچی دەناسی، پێشتریش هاوسەرگیری كردبوو، بەڵام بەهۆی نەگوجان هەر لەكاتی دەستگیرانداری جیابوونەوە”.

پارەی پێنەبوو مانگانەی هۆڵی لەشجوانییەكەی بدات

هاوڕێكەی ماركۆ ئاماژە بەوەدەكات، ماركۆ لەرووی داراییەوە بارودۆخی خراپ بووە و وتی”بارودۆخی دارایی خراپ بوو، ماوەیەك یاری لەشجوانی دەكرد، چەندین جار پارەی پێنەبوو مانگانەكەی بدات”.

وتیشی”هەندێ جار من هاوكاریم دەكرد بەپێی توانا، جاری واهەبووە پارەی نان خواردن یان تەكسی و پاسی پێنەبوو، بەراستی وەزعی زۆر خراپ بوو”.

 

دەیویست لەگەڵ پەكەكە سەرانە لە خاوەن سەرمایەكان بسەنێت

بەپێی ئەو قسانەی هاوڕێكەی ماركۆ باسی دەكات، تۆمەتبار پەیوەندی هەبووە بە پارتی كرێكارانی كوردستان و چەندین جاریش سەردانی قەندیلی كردووە وتی”ماركۆ دەیوت لەگەڵ قەندیل پەیوەندی هەیەو بەتەمان بەیەكەوە كار بكەن”.

وتیشی”ماركۆ وتی داوای لە پەكەكە كردووە تیمێك دروست بكات، شوێنی تایبەتی بدەنێ لەگەڵ چەند كەسێك مەشقیان پێبكات، پاشان ئەم تیمەی بەكار بهێنن بۆ سەرانەوەرگرتن لە خاوەن سەرمایەكانی كوردستان”.

وتیشی”چەندین جار سەردانی قەندیلی كرد، تا ساڵی 2016، بەتۆمەتی سیخوڕی بۆ پارتی و توركیا، پەكەكە بۆماوەی 8 مانگ ماركۆی زیندانی كرد”.

پەكەكە زانیبووی ماركۆ سیخوڕ نییە

 

هاوڕێكەی ماركۆ وتی”كە ماركۆم بینی زۆر لاواز ببوو، شێوی گۆڕابوو وامزانی نەخۆشە، بۆیباسكردم كە پەكەكە لە زیندان ئەشكەنجەیان داوە، دوای ئەوەی بۆیان دەركوتووە سیخوڕ نییە، لە نزیك رانییە فڕێی دەدەن بە دەست و قاچ بەسراوی”.

وتیشی”ئاسایشی یەكێتی ماركۆیان دۆزییەوە، ماوەیەكی زۆر لەژێر چاودێری ئەوان بووە و لەڕووی تەندروستییەوە هاوكاری زۆیان كردووە، بە براو كەسوكاریشی وتبوو، بەڵام بڕوایان پێنەكردبوو كە ئەو ماوەیە گیرابێت”.

چەندین جار هەڕەشەی لە ئەندامانی پەكەكە كردبوو و داوای 20 ملیۆن دۆلاری كردووە

ئەو هاوڕێیەی ماركۆ ئاماژەی بەوەشكردوو، كە لەدوای دەستگیركردنییەوەلە لایەن پەكەكەوە ماركۆ هەڵسوكەوتی گۆڕاوە وتی” ماركۆ زۆر گۆڕابوو، بەخۆی دەوت غەدری لێكراوە، چەندین جاریش هەڕەشەی لە ئەندامانی پەكەكە كردووە لە سلێمانی و داوای 20 ملیۆن دۆلاری وەك قەرەبوو لێكردوون”.

وتیشی”ماركۆ بۆی گێرامەوە چووەتەسەر تەڤگەری ئازادی و هەڕەشەی گوێ بڕینی لە ئەندامەكانی كردووە، بۆیە من لەو كاتەوە خۆمم لێی دوور خستەوە پێموابوو باری دەروونی خراپ بووە، هەر خۆشی پێی وتم كە ئەندامانی پەكەكە پێیان وتووە شێت”.

پارەی پێبوو دەیوت دەمانچەشم كڕیوە

“پێش نزیكەی سێ مانگ بیستم ماركۆ گەشتی توركیای كردووە، دواتر ئێوارەیك لە شەقامی سالم، بەسوتفی چاوم پێیكەوت، دیاربوو پارەی پێبوو، جلی جوانی لەبەردابوو” هاوڕێگەی ماركۆ وای وت.

وتیشی”ئەو ماتۆڕێكی جۆری درێنی گەورەی كڕیبوو، ئەشیوت دەمانچەم كڕیوە، بەڵام من پێم نەبینی، وابزان خانوشی بەكرێ گرتبوو”.

پێم ناخۆشە ماركۆ بەو شێوەیە ببینم

سەبارەت بە هەواڵی دەستگیركردنی هاوڕێكەی ماركۆ وتی” لەسۆشیال میدیا هەواڵەكەم بینی، كە وێنەكەی هاتەبەرچاوم هەرچەند چاوی داپۆشرابوو ناسیمەوە، هەموو گیانم بوو بە ئارەق”.

وتیشی” پێم ناخۆشە ماركۆ ئەو كارەی كردووە و بەو شێوەیە دەیبینم”.

وەك باسكراوە بە تۆمەتی تیرۆر زمناكۆ محەمەد(ماركۆ) دەستگیر كراوە، بەڵام تائێستا روون نەبووەتەوە پاڵنەرەكانی پشت ئەو تاوانەی ئەنجامیدیاوە چی بوون، یاخود كێ هاندەریی بووە بۆ ئەو كارە.