رەوشی تەندروستی ژمارەیەک لە زیندانیانی بادینان خراپەو کۆمیتەی ماف و ئازادییەکان لە کوردستان و ئەوروپا رایدەگەیەنێت، بارودۆخی زیندانیانی بادینان گەیشتۆتە مەترسیدارترین قوناغ.

کۆمیتەی ماف و ئازادییەکان لە کوردستان و ئەوروپا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویكردووەتەوە، ٨٢ زیندانی بادینان کە ٧٧یان زیاتر لە ساڵێکە بێ دادگایی لە زیندانی ئاسایشی گشتی ھەولێرو چاکسازی گەورانن، لەسەر مانگرتن بەردەوامن، تەندروستی بەشێک لەو زییندانیانە زۆر خراپە و داوای مافە سەرەتاییەکان و ئازادبوونیان دەکەن.

ئەو کۆمیتەیە داوا لە ڕای گشتی و رێکخراوە ناوخۆیی و جیھانیەکان، لایەنە سیاسیەکان و نوێنەرانی وڵاتان دەکات بەھانای زیندانیانی بادینانەوە بچن.

بە دروشمی “یان مردن یان ماف و ئازادی” ماوەی ١٢ رۆژە ٨٢ چالاکوان و رۆژنامەنوسی بادینان لە زیندان مانیان گرتووە.

بە پێی راگەیەنراوی کۆمیتەی ماف و ئازادییەکان، رەوشی تەندروستی رۆژنامەنوس ئەیاز کەرەم کە یەکێکە لە زیندانیانی بادینان تێکچووە و لە ھۆش خۆی چووە و تیمی تەندروستیش بەھانایەوە ناچن.