سنورمیدیا
بەپاساوی بەکارنەهێنانی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام نادرێت.
ئاشنا عەبدوڵا، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان بە سنورمیدیای راگەیاند، بەهۆی نزیک بوونەوەی وادەی هەڵبژاردن و گەرمبوونی بانگەشەی لایەنەکان پەرلەمان کۆبوونەوە ناکات.
وتیشی “ئەم بڕیارە جۆرێک لە حەقیقەتی تێدایە، چونکە لایەنەکانی ناو پەرلەمان کۆبوونەوەی پەرلەمان و پڕۆژەکانیان وەک و بانگەشەیەک بەکاردەهێنن”. ئاماژەی بۆئەوەشکرد” زۆرکات بەهۆی کێشەی نێوان دوو لایەنەوە ئەنجامدانی کۆبوونەوەی پەرلەمان دواخراوە، بەکارهێنانی پەرلەمان لەکێشە سیاسیەکاندا کارێکی هەڵەیە، چونکە پەرلەمان و پەرلەمانتاران هەڵبژێردراوی هاووڵاتیانن و ناکرێت هیچ پاساوێک ببێتە ڕێگر لە باسنەکردن و پشتگوێخستنی خواست و داواکاریەکانیان”.
وابڕیارە ڕۆژی 10ی مانگی داهاتوو هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام بدرێت، لە ئێستاشدا لایەنە سیاسییەكان سەرقاڵی بانگەشەن بۆ ئەو هەڵبژاردنە.