سەرۆكی ناوەندی گشتیی هێزە چەكدارەكانی ئێران رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەكانیان لە هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبن. دەشڵێت نابێت گروپە دژەكانی ئێران لە هەرێمی كوردستاندا “بنكەی راهێنان، رادیۆ و تەلەڤزیۆن و كەمپیان هەبێت و كۆنگرە بگرن”.

محەممەد حوسێن باقری، رایگەیاند:”لەم قۆناغەدا بۆ ئەوەی زیانی گیانی لێنەكەوێتەوە حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانیان لە هێرشەكان ئاگادار كردووەتەوە، بەڵام لە قۆناخی دووەمدا هێرشەكان بەربڵاوتر دەبن.

سەرۆكی ناوەندی گشتیی هێزە چەكدارەكانی ئێران هەڕەشەی كرد، سوپای پاسداران “دامودەزگای ئەم گرووپە تیرۆریستییانە لەنێو دەبات و ئۆپەراسیۆنەكانی دوو هەفتەی رابردوو، بەردەوام دەبێت” و ئەمەشی بە مافی كۆماری ئیسلامی ئێران لە قەڵەمدا.

هەڕەشەكانی بەرپرسانی ئێران دژی حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان رۆژی 10-08-2021 دەستیپێكرد، كاتێك كە عەلی شەمخانی، سكرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە كۆبوونەوە لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عیراق  داوای لە حكومەتی عیراق كرد ئەو حیزبانە كە هەرێمی كوردستان دەربكرێن بۆ ئەوەی ئێران دژیان “كردەی دەستپێشخەرانە” ئەنجام نەدات.

سوپای پاسداران رۆژی 08-09-2021 دەستی بە بۆردوومان و تۆپبارانی ناوچە سنوورییەكان باشوور و رۆژهەڵاتی كوردستان كرد و تاوەكو دوو رۆژ لەمەوبەر ناوبەناوە بەردەوام بووە.

دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان سەربە حدكا رۆژی 13-09-2021 بڵاوی كردەوە، تۆپبارانەكانی زیانی گیانی نەبووە، بەڵام ژیان و ماڵی خەڵك زەرەری بەركەوتووە.