لەسەر ناردنی نامەیەک بۆ پەیجی ئاسایشی گەرمیان، ھاوڵاتیەک کە بەڕێوبەری ئاوی ناحیەی مەیدانە، لەلایەن بەرپرسی ئاسایشی ناحیەکەوە سکاڵای لەسەر تۆمار دەکرێت و بەوھۆیەوە دەستگیر دەکرێت.
 
سەرچاوەیەک بە سنورمیدیایی ڕاگەیاند، سەفا فایەق عەلی، کە بەڕێوبەری ئاوی ناحیەی مەیدانە لە گەرمیان، لەم ماوەیەی رابردودا لەسەر کێشەیەکی زەویوزارەکانیان نامەیەکی بۆ پەیجی ئاسایشی گەرمیان لە فەیسبوک ناردوە، تیایدا باسی لەوەکردوە بنکەی ئاسایشی مەیدان ھەستاوە بە ناردنی ھێز بۆسەر ئەنجومەنی ناحیەی مەیدان بۆ ئەوەی ئیمزا بکات لەسەر کۆنوسێکی تایبەت بە دەرکردنی بەشێکی زۆر لە جوتیارەکانی سنورەکە.
 
وەکو یەکێک لە خاوەن زەویەکانیش، داوا دەکات کە ئاسایشی گەرمیان بەدواداچون بکات لەو روەوە.
 
پاش ئەو نامەیە، بەرپرسی ئاسایشی مەیدان سکاڵا لەسەر سەفا فایەقی بەڕێوبەری ئاو تۆمار دەکات و دادوەریش فەرمانی راگرتنی داوە و چەند رۆژێکە لە گرتوخانە بەندە.
 
بەرپرسی ئاسایشی مەیدان، ساڵح مستەفا، ڕایگەیاند” ئەو ھەواڵەی کە ئەو کەسە ناردبوی بۆ پەیجی ئاسایش ناڕاست بووە و من ھێزم نەناردوەتە سەر کەس، بۆیە پێم وت کە نامەکە بسڕێتەوە، بەڵام ئەو نەیسڕیەوە، بۆیە منیش بەتۆمەتی ناوزڕاندن سکاڵام لەسەر تۆمار کرد”.
 
ھاوکات بۆ بەدواداچونی ئەوەی بۆچی لەسەر ناردنی نامەیەک سکاڵایان کردوە و کەسێک خراوەتە زیندان، بەڕێوبەری ئاسایشی گەرمیان، لیوا: نەوشیروان ئەحمەد، وتی” بەدواداچونمان نەکردوە و ئەو دۆسیەیە لای ئێمە نیە، لە ئاماژەیەکدا بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە لای پۆلیسە”.
سەفا فایەق عەلی
ئەو نامەیەی كە سەفا ناردوویەتی