ژووری ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكەی سلێمانی وردەكاری دوو ڕووداوەكەی دوو ڕۆژی ڕابردووی سلێمانی بڵاودەكاتەوە و تۆمەتباری سەرەكی ڕووداوەكان، كە یەكێكیان كوژرانی بەرپرسێكی پەكەكە بوو ئاشكرادەكات.
ژووری ئۆپراسیۆنی هاوبەشی (ئاسایش و زانیاری و دژەتیرۆر و پۆلیس)ی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، توانرا لەماوەی کەمتر له ٢٤ كاتژمیردا پیلانەكە ئاشكرا بكرێت و تاوانباری سەرەكی ئەو دوو کردەوەیەی لە سلێمانی ڕوویاندا لە 16 و 17ی ئەم مانگە دەستگیر بكرێت و ڕاپێچی بەردەم دادوەر بكرێت.
جەختیشی كردۆتەوە، سلێمانی شاری ئارامییە بۆ هەمووان بێ جیاوازی و ئاسایش و ئارامی شار و ھاووڵاتییانیش پارێزراوە.
راگەیەندراوێك لە ژووری ئۆپەراسیۆنێكی ھاوبەشەوە لە پارێزگای سلێمانی
لەسەر راسپاردەی بەڕێز قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش پێکهێنرا لەدەزگای ئاسایشی هەرێم و ئاژانسی پاراستن و زانیاری – زانیاری و بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی پاریزگای سلێمانی و بەڕێوبەرایەتی گشتی دژه تیرور و بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی، بەمەبەستی لێكۆڵینەوە و گەڕان بەدوای تۆمەتبارانی دوو کردەوەکەی دوو رۆژی رابردوو.
پاش چڕ كردنەوەی ھەوڵەكان، توانرا لەماوەی کەمتر له ٢٤ كاتژمیردا پیلانەكە ئاشكرا بكرێت و تاوانباری سەرەكی ئەو دوو کردەوەیە دەستگیر بکرێت دوو کردەوەکەش:
_یەكەمیان رۆژی ۱٦ی ئەیلول روویدا و تێیدا كەسێك بریندار بوو .
_دووەمیان رۆژی ۱۷ی ئەیلول روویدا و تێیدا كەسێك تیرۆر كرا.
تۆمەتبارەكەش راپێچی دادگا کرا تاوەكو سزای یاسایی خۆی وەربگرێت.
لێرەوە بەهەموو لایەکی رادەگەیەنین کەسلێمانی شاری ئارامییە بۆ هەمووان بێ جیاوازی و ئاسایش و ئارامی شار وھاوڵاتییانیش پارێزراوە.
-دەزگای ئاسایشی هەرێم و ئاژانسی پاراستن و زانیاری – زانیاری.
-بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی پاریزگای سلێمانی.
-بەڕێوبەرایەتی گشتی دژه تیرور.
-بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی.
١٨ی ئەیلولی ٢٠٢١