فەرماندەیەکی هێزەکانی عێراق ئاشکرای دەکات، رۆژی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق قەدەغەی هاتووچۆ ناسەپێنرێت.
تەحسین خەفاجی، گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند “لەپێناو کارئاسانی بۆ چوونی دەنگدەران بۆ بنکەکانی دەنگدان، رۆژی هەڵبژاردن قەدەغەی هاتووچۆ ناسەپێنرێت”.
خەفاجی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، سەرجەم هێزە ئەمنیی و سەربازییەکان، لە رۆژی دەنگدان دەخرێنە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، بۆ پاراستنی ئاسایشی هەڵبژاردن، هەروەها لیژنەی باڵای ئەمنی هەڵبژاردن، بۆ یارمەتیدانی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت و بەساڵاچووان بۆ گەیاندنییان بە بنکەکانی دەنگدان راسپێردراوە.
بڕیارە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، بۆ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 10ی ئۆکتۆبەری داهاتوو بەڕێوەبچێت.