سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ هەینی لە شاری هەولێر لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە و دوا پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی تاوتوێ کران.
نوسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ هەینی (17ی ئەیلول) مەسرور بارزانی پێشوازی لە د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق کرد، لە دیدارەکەدا، دوا پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی تاوتوێ کران و جەخت لە پێویستیی چارەسەركردنی، كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان، لە سەر بنەمای دەستور کرایەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، لەتەوەرێكی دیکەی كۆبونەوەكەدا، گفتوگۆ دەربارەی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرا، کە پێویستە هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بەڕێوەبچێت، كە ماف و خواستی سەرجەم پێكهاتەكانی عێراق دەستەبەر بكات و ببێتە ھۆی سەقامگیربونی دۆخی عێراق.