جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران راگەیەندراوێکی لەبارەی تیرۆركردنی بەرپرسەکەی پەکەکە لە سلێمانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، داوا لە‌ لایە‌نە‌ ئە‌منییە‌كان دە‌كات شە‌و و رۆژ بخە‌نە‌ سە‌ر یە‌ك لە‌پێناو دە‌ستگیركردنی تاوانباران و رادە‌ستكردنیان بە‌ دادگا.

قوباد تاڵە‌بانی، جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیرانی هەرێمی کوردستان لەراگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، “بە‌توندی ئیدانە‌ی تیرۆركردنی (شوكری سە‌رحە‌د) دە‌كە‌م، كە‌ ئە‌مڕۆ ھە‌ینی، لە‌ سلێمانی تیرۆركرا، داوا لە‌ لایە‌نە‌ ئە‌منییە‌كان دە‌كە‌م، شە‌و و رۆژ بخە‌نە‌ سە‌ر یە‌ك لە‌پێناو دە‌ستگیركردنی تاوانباران و رادە‌ستكردنیان بە‌ دادگا بۆ ئە‌وە‌ی سزای یاسایی خۆیان وە‌ربگرن”.

ئاماژەی بەوەشکردوە، “سلێمانی شاری ئارامی و سە‌قامگیرییە‌ بۆ ھە‌موان و ھە‌مو كە‌سێكیش دە‌توانێت لە‌ ژێر سایە‌ی ئارامی و ئاسایشی ئە‌م شارە‌ ژیانی خۆی گوزە‌ر بكات بێ ھیچ جیاوازییە‌ك”.

یاسین بولوت، ناسراو بە شوکری سەرحەد، ئەندامی کۆمیتەی ماڵباتی شەهیدانی پەکەکە بەیانی ئەمڕۆ لە گەڕەکی چوارچرای شاری سلێمانی بە دەستڕێژی گوللە کوژرا.

یاسین بولوت لە دایکبوی ساڵی 1957ەو لە شاری قەرسی باکوری کوردستان لەدایک بوە، ماوەیەکە بەهۆی کێشەی تەندروستیی هاتوەتە شاری سلێمانی و ئەمڕۆش لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە دراوەتە بەر دەستڕێژی گولـلە و لە ئەنجامدا کوژراوە.

یاسین  بولوت ساڵی 1978 پەکەکەی ناسیوە و لە کاتی کۆدەتاکەی 12ی ئەیلولی 1980دا لە تورکیا دەستگیرکراوە و لە زیندانی ئامەد زیندانی کراوە، ساڵی 1991 چوەتە دەرەوە و پەیوەندی کردوە بە ریزەکانی پەکەکەوە، ماوەی 15 ساڵیش وەک ئەندامی کۆمیتەی شەهیدانی پەکەکە لە باشوری کوردستان کاری کردوە.