دەمەقاڵی لەسەر لەفەیەک لە قەزای خەبات کارەساتێکی گەورەی لێکەوتەوە. رووداوەکە لە 11ی ئەیلوول روویداوە، بەڵام تاوەکو ئێستا مەترسییەکانی بەردەوامن. رووداوەکە چوار کوژرا و سێ برینداری لێکەوتەوە، سێ کوژراو و دوو بریندار لە بنەماڵەی لەفە فرۆش و کوژراو و بریندارێکیش لە بنەماڵەکەی دیکە.
 
دوای چوار رۆژ لە رووداوەکە و شەوی 15ی مانگ جارێکی دیکە لە قەزای خەبات، شەڕ و ئاڵۆزی لەنێوان هەردوولا دروستبووەوە و تەقەیەکی زۆر کرا، بەڵام زیانی گیانی نەبوو.
 
کەسوکاری سێ کوژراوەکە کە باوکێکی 71 ساڵ و دوو کوڕی 32 و 41 ساڵانن، درەنگ گەیشتنی هێزە ئەمنییەکان بە هۆکاری گەورەبوونی رووداوەکە دادەنێن، داواش دەکەن یاسا کاری خۆی بکات و تۆمەتباران دەستگیربکرێن.
 
سەڵاح سەباح، کەسوکاری سێ کوژراوەکە دەڵێت، “شاگردێکی کوڕە خاڵەکەم کە عارەبانەیەکی لەفەیان هەیە، شاگردەکەی لەگەڵ چەند کەسێک دەبێتە دەمەقاڵییان، کێشەکە هی ئێمە نەبووە، تەنیا لەگەڵ شاگردەکە بووە، دوای پێنج خولەک کوڕە خاڵەکەم دەچێت و دەپرسێت چی هەیە و کێشە چییە، دەڵێن قسەی هەڵەی کردووە، دوایی لەوێ بە چەند برادەرێک کێشەکە چارەسەر دەکرێت، جاری دووەمیش دێنەوە هەر چارەسەر کراوە، جاری سێیەم دەچنە دووکانی خاڵەکەم، کە خاڵم دەبینێت، دەبێتە دەمەقاڵی و یەکێک لەوان گوولـلەیەک لە خاڵم دەدات و دەیکوژێت، دواتریش کوڕە خاڵەکانم دەکوژن”.
 
لایەنی دووەم کە کوژراو و بریندارێکیان هەیە، نایانەوێت رووداوەکە گەورەتر بکرێت و داوادەکەن چ بە یاسا، چ بە ئایین و بە شەرع کۆتایی بە کێشەکە بهێندرێت، رەتیشی دەکەنەوە رووداوەکە پەیوەندیی بە عەشیرەتەکانی خەیلانی و گۆرانەوە هەبێت.
 
عەزیز خەیلانی، ئامۆزای یەکێک لە بریندارەکان دەڵێت، “ئەوە کێشەی دوو عەشیرەت و دوو بنەماڵە نییە، کێشەی دوو کەسە، من خۆم ناتوانم بڵێم ئەوە حەقە و ئەوە حەق نییە، حکومەت برا گەورەیە و یاسا سەروەرە، بە یاسا، بە ئایین، بە شەرع، بە چی دەکەن با کێشەکە چارەسەر ببێت”.
ئێستا هەردوو بنەماڵە چەکیان لە دەستە، بەڵام هێزە ئەمنییەکان دۆخەکەیان کۆنترۆڵ کردووە.