د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح رایدەگەیەنێت، هەولێرو یەكێتی دووانەیەكی لەیەك دانەبڕاون، گرنگە لەم هەڵبژاردنەدا یەكێتیی كاندیدەكانی سەربخا و بەهێزەوە بچێتە بەغدا.
ئەمڕۆ هەیینی، لە بارەگای مەكتەبی سیاسی لەهەولێر، دەرباز كۆسرەت رەسول، كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پێشوازیكرد لە د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح.
لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی هەولێر، د. بەرهەم ساڵح كورتەیەكی لەبارەی دۆخی عیراق و ئامادەكارییەكان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران خستەڕوو و جەختی لە گرنگی ئەم هەڵبژاردنە و سەركەوتنی یەكێتیی لە پڕۆسەكە كردەوە.
د. بەرهەم ساڵح رایگەیاند:” هەولێر و یەكێتی دووانەیەكی لەیەك دانەبڕاون و گرنگە لەم هەڵبژاردنەدا یەكێتیی كاندیدەكانی سەربخا و بەهێزەوە بچێتە بەغداو كار بۆ چارەسەركردنی بنەڕەتی كێشەكان بكا لە چوارچێوەی دەستووری عیراق.”
لەلایەن خۆیەوە، دەرباز كۆسرەت رەسول، كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كورتەیەكی لەبارەی ئامادەكارییەكانی یەكێتیی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق لە هەولێر خستەڕوو، تیشكی خستە سەر ئەوەی كە ئەم هەڵبژاردنە چارەنووسسازەو گرنگە یەكێتیی سەركەوتن بەدەست بێنێ.
بەشداربووانی كۆبوونەوەكە، گفتوگۆیان لەبارەی دۆخی هەڵبژاردن كردو دووپاتیان كردەوە كە ئەركی هەمووانە كاربكەن بۆ سەرخستنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و هاوپەیمانی.