یاسین بولوت ناسراو بە “شوکری سەرحەد” کە بۆ چارەسەری پزیشكی لە سلێمانی بوو، لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداریی میتی تورکەوە لە سلێمانی تیرۆر کرا.

 

“یاسین بولوت” ئەندامی کۆمیتەی ماڵباتی شەهیدانی پەکەکە، کە بە ‘شوکری سەرحەد’ ناسراوە، ماوەیەکە، بەهۆی کێشەی تەندروستیی، هاتووەتە شاری سلێمانی، ئەمڕۆ کاتژمێر ٠٩:٠٠ی  بەیانی لە گەڕەگی چوارچرای شاری سلێمانی، لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە درایە بەر دەستڕێژی گولـلە و لە ئەنجامیدا تیرۆربوو.

دوای هێرشەکە، هێزەکانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و تەرمی  ‘شوکری سەرحەد’ـیان گواستەوە بۆ پزیشکی دادی سلێمانی.

شوێنی شەهید كردنی یاسین بولوت لە گەڕەكی چوارچرا

یاسین بولوت کێیە؟

یاسین  بولوت ساڵی ١٩٥٧ لە شاری قەرسی باکووری کوردستان لەدایک بووە، ساڵی ١٩٧٨ پەکەکەی ناسیوە و لە کاتی کۆدەتاکەی ١٢ی ئەیلولی ١٩٨٠ـدا لە تورکیا دەستگیرکراوە و لە زیندانی ئامەد زیندانی کراوە، یاسین بولوت لەوێ لەگەڵ کادێران و پێشەنگانی پەکەکە، لەدژی کردەوە دڕندانەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورک بەرخۆدانێکی مێژوویی نیشاندەدات و سەر  ناچەمێنێت، ساڵێ ١٩٩١ سەربەست دەبێت و ڕوو لە چیا ئازادەکانی کوردستان دەکات، ماوەی ١٥ ساڵیشە وەک ئەندامی کۆمیتەی شەهیدانی پەکەکە لە باشووری کوردستان کاری کردووە.

هاوڕێیانی یاسین لەبەردەم پزیشكی دادوەری سلێمانی