سنورمیدیا –
وتەبێژی هاوپەیمانی نیشتمانی رەتیدەكاتەوە حزبەكەیان چوبێتە ناو یەكێتی نیشتمانی كوردستان و دەشڵێت”پشیتیوانی هاوپەیمانی كوردستان دەكەین”.
حسێن ئەحمەد، وتەبێژی فەرمی هاوپەیمانی نیشتمانی لەبارەی دەنگۆی یەكگرتنەوەی حزبەكەیان لەگەڵ یەكێتی بە سنورمیدیای ڕاگەیاند”ئەو دەنگۆیانە دوورن لە راستییەوە، ئێمە لەگەڵ هیچ هێزێكی سیایی دیاریكراو یەك ناگرینەوە و یەكیشمان نەگرتووە، ئێمە لەگەڵ یەكێتی لەسەر بنەمای هاوپەیمانییەتی سیاسی كۆبووینەتەوە”.
وتیشی” ئەو پەیوەندییەی لەگەڵ یەكێتی دروستمان كردووە لەسەر بنەمای تاكەكەس و شەخس نییە، بەڵكو پەیوەندییەكی دامەزراوەییە، ئەگەری ئەوەشی هەیە ئەم پەیوەندییە درێژە بكێشێت بۆ بەستنی پەیوەندی لەگەڵ تەواوی لایەنە كوردستانییەكان”.
ئاماژەی بەوەشكرد”ئێمە دەمانەوێت لەنێوان حزبە سیاییەكانی هەرێم دەستێكی هەماهەنگی بەهێز هەبێت، بۆ ئەوەی كوردستانێكی بەهێز دروست بكەین، بۆ ئەوەی بتوانین بەلایەنی كەمەوە مافە سەرەتاییەكانی خەڵك دەستەبەر بكەین”.
وتیشی”ئێمە لەم هەڵبژاردنەدا پاڵپشتی هاوپەیمانی كوردستان دەكەین بۆ چاكسازی و بەگەڕخستنەوەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان و دامەزراندن و دروسكردنی حكومەتێكی بەهێز هەم لە بەغدا هەم لە هەرێمی كوردستان”.

حسێن ئەحمەد، وتەبێژی فەرمی هاوپەیمانی نیشتمانی
ئەمڕۆ پێنجشەممە 16-9-2021، شاندێكی باڵای هاوپەیمانی نیشتمانی بە سەرۆكایەتی ئارام قادر، سەردانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستانیان كردوو لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی ئەو حزبە كۆبوونەوە.
لەدوای كۆبوونەوەكە لە ڕاگەیاندراوێكی هاوبەشدا ڕێكەوتنی نێوانیان بۆ سەرخستنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق كەوابڕیارە لە 10ی مانگی داهاتوو بەڕێوەبچێت دەربڕی.