شارەوانی ناوچەی شالپازاڕ-ی تورکیا لەسەر دروستکردنی کڵاو بۆ هاوپەیمانی کوردستان کارگەیەکی داخست و سەرجەم کڵاوەکانیشی سووتاند، خاوەنی کارگەکەش دەڵێت: لەسەر دروستکردنی کڵاوەکان دەستیان بەسەر کارگەکەمدا گرتووە.

ئەمڕۆ لە شارۆچکەی شالپازاڕ-ی سەر بە پارێزگای ترابزۆن-ی تورکیا، تیمەکانی شارەوانی شالپازاڕ هەڵیانکووتایە سەر کارگەیەکی بەرهەمهێنان و چاپکردنی جلوبەرگ و دەستیان بەسەر کارگەکەدا گرت.

کارگەکە کڵاوی بۆ هاوپەیمانی کوردستانی دروستکردووە، سەرجەم ئەو کڵاوانەشی لەلایەن کارگەکەوە دروستکرابوون سووتێندران، کە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دروستکراون.

عومەر ئۆزدەمیر، خاوەنی کارگەکە ڕاگەیەندراوێکی لەسەر هەڵکووتانە سەر کارگەکەی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، کە شارەوانی بەهۆی دروستکردنی ئەو کڵاوانەوە هەڵیانکووتاوەتە سەر کارگەکەی و سەرجەم کڵاوەکانیان سووتاندووە، وتیشی: ئێمە لە چوارچێوەی یاسادا کاری بەرهەمهێنان دەکەین و لەسەر داوای هاوپەیمانی کوردستانیش ئەو کڵاوانەمان دروستکردووە، کە ئەوەش هەلی کار بۆ دانیشتووانی ناوچەکە دابیندەکات.

پارێزگای ترابزۆن دەکەوێتە باکوری تورکیا و بە یەکێک لەو پارێزگایانە دادەنرێت، کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی نەژادپەرستن، ساڵی ٢٠١٩ لە هەمان پارێزگا هێرشکرایە سەر نۆ گەشتیاری کورد، کە ویستبوویان بە ئاڵای باشوری کوردستانەوە وێنە بگرن.