ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی داوا دەكات لێپرسینەوە لە وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێم بكرێت.

مانگی ڕابردوو كەمال ئەتروشی وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێم دوای سەردانێكی بۆ بەغدا ڕایگەیاند، لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراقی ڕێكەوتووین ڕۆژانە یەك ملیۆن لیتر بەنزین بۆ هەرێم بنێردێت و هاوكات ئاشكراشیكرد، ئەمساڵ هەموو ماڵێك بەرمیلێك نەوتی سپی پێدەدرێت.

كەریم عەلی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە (سنورمیدیا)ی ڕاگەیاند، چەند ڕۆژێكە وەزیری سامانە سروشتییەكان لێدوانەكەی داوە، بەڵام تا ئێستا هیچی دیار نییە، دەڵێت ئەمڕۆ دێت و سبەینێ دێت، بەڵام بە چ میكانیزمێك دێت.

وتیشی”ئەگەر پەڕلەمان چالاك بێت وەزیرێك بەو شێوەیە بەڵێن نادات و بێ كردار بێت، پێویستە پەڕلەمانی كوردستان بانگهێشتی وەزیری سامانە سروشتییەكان بكات لەسەر ئەو بابەتە بەشێوەیەك چۆن ئەو ڕێكەوتنە كراوە و بڕەكەی چەندە، یان پێویستە وەڵامی لێوەربگیرێتەوە.

جەختی لەوەش كردەوە، لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی پارێزگا نییە، ئەگەرنا خۆمان ئەوەمان دەكرد و پەڕلەمانیش هیچ جوڵەیەكی نییە.

سەبارەت بەو نرخەكەی كە بڕیارە بۆ هەر لیترێك وەربگیرێت كە 690 دینارە ناوبراو ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، حكومەتی عێراقی لە بودجەكەیدا بڕێك پارە دابین دەكات بۆ پشتیوانی كەرتی سوتەمەنی، بەڵام سوتەمەنی هەرێم هەمووی بازرگانییە و دەیان پرسیار هەڵدەگرێت، ئەو بەنزینەشی كە دێت بۆ هەرێم نە نرخەكەی لای ئێمە ڕوونە و نە میكانزمی دابەشكردن و بڕەكەشی ڕوونە و هیچ نووسراوێك لەبەر دەست نییە، تەنها چەند لێدوانێكی وەزیری سامانە سروشتییەكان.