پێشتر بانگەشەی ئەوەی دەكرد دژی بە بنەماڵەكردنی حزبە، بەڵام حزبەكەی خۆی كردووە بەخێزانی، داوای ئازادی هەموان دەكات، بەڵام دەیەوێت ئەندامی حزبەكەی كۆیلەی بن و هەندێك لە هاوڕێ كۆنەكانیشی گومانی ئەوەی لێدەكەن نەخۆشی دەرونی هەبێت.
بۆ پەرلەمانی عێراق، هەموان چاویان لە نەوەی نوێ بوو، دەیانویست بزانن كێ نوێنەرایەتی سێیەم ئەزموونی جوڵانەوەكە دەكات بۆ هەڵبژاردن، بەڵام چاوەڕوانییەكان بە بێ ئومێدبوونی لایەنگرانی كۆتایی هات، كاتێك ئاشكراكرا، شاسوار عەبدولواحید، خوشكەكەی خۆی و هاوسەری پەرلەمانتارانی نەوەی نوێی كاندید كردووە.
شاسوار عەبدولواحید، دەیەوێت ئەندامەكانی كۆیلەی بن
سیروان بابان، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەبارەی كاندید كردنی كەسە نزیكەكانی شاسوار عەبدولواحید و هاوسەری پەرلەمانتارانی حزبەكەی بە سنورمیدیای وت” شاسوار عەبدولواحید نەوەی نوێ بچووك دەكاتەوە و دەیكات بە خێزانی، بۆ ئەوەی دەسەڵاتی بەسەردا هەبێت”.
وتیشی”شاسوار عەبدولواحید دەیەوێت بازنەكە بچووك بكاتەوە، ئەندامانی پەرلەمان بكاتە كۆیلەی خۆی”.
“هەندێك جار دەڵێم، كۆیلەیەتی لەم وڵاتەدا دەكرێتە نان و ئاو، بەداخەوە خەڵكیش قبووڵیەتی” سیروان بابان وای وت.
شاسوار نەخۆشی دەروونی هەیە و وەهمی خۆبەگەورە زانی توش بووە
هاوڕێیەكی شاسوار عەبدولواحید كە ئێستا لەیەك زویربوون و هێشتا وێنەكانی خۆی لەگەڵ شاسوار عەبدولواحید لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نەسڕیوەتەوە دەڵێت” شاسوار نەخۆشی دەروونی هەیە و پێی وایە كەسێكی گەورە و كاریگەرە”.
ئەو بە سنورمیدیای وت”شاسوار ئەزمەی متمانەی هەیە، متمانەی بەكەس نەماوە، وا دەزانێت خەڵكیش متمانەی پێنییە، بەردەوام گومان دەكات و رق لەناخیا كۆدەكاتەوە”.
“پێش ئەوەی سەرۆكی نەوەی نوێش بێت هەروابوو، هەمیشە نەخۆشی گومانی هەبوو، ئێستا زیاتر گومانی لەچواردەورەكەی هەیە”.
پێشتر هەندێك لە هاوڵاتیان پێیان وابوو ئەمجارە نەوەی نوێ سەركەوتنێكی گەورە تۆماردەكات، بەڵام دوای ئەوەی شاسوار عەبدولواحید، حزبەكەی بچوك كردووە و خستییە سەر ڕێرەوەكەی پارتی، پێدەچێت توشی شكستێكی گەورە ببێت.