سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبونەوە و داوای “چەککردن و دەرکردنی بەپەلەی” حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیان لێکردوە کە بارەگاکانیان لەهەرێمی کوردستان داناوە.

عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لەکۆبونەوەیدا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق باسی لەوەشکردوە، کۆماری ئیسلامی ئێران نیگەرانە لە زیادبونی “جموجۆڵی گروپە تیرۆریستییەکان” لە هەرێمی کوردستان کە مایەی تێکچونی ئاسایشی سنورەکانی عێراق و ئێرانیشە.

باسی لەوەشکردوە، تاران بەپێویستی دەزانێت ئەو گروپانە لە زوترین کاتدا چەک بکرێن و لەعێراق دەربکرێن”.

لێدوانەکەی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لەکاتێکدایە ماوەی سێ رۆژە تۆپخانەکانی سوپای پاسدارانی ئێران تۆپبارانی گوندی بەربزینی سیدەکان دەکەن بەهۆکاری بونی بارەگای حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەو سنورە، ئەوەش ترس و دڵەڕاوکێی لای گوندنشینانی سنورەکە دروستبوە.

ئێران ماوەی چوار ساڵە بە بیانوی بونی پێشمەرگەکانی دیموکرات تۆپبارانی ناوە ناوەی باڵەکایەتی و دەڤەری برادۆست دەکات.

 

6ی ئەم مانگە، محەمەد پاکپور، فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای پاسداران سەردانی بنکە و بارەگاکانی سوپای پاسدارانی لە ناوچە سنورییەکانی ئێران-عێراق کرد  و باسی لە دۆخی ناوچەکە و ئەگەری وەڵامی وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند، “گروپەکانی دوژمنی شۆڕش، کە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێبون، داوا لە خەڵکی ئەو ناوچانە دەکەین کە لە بارەگاکانی ئەو حزبانە دوربکەونەوە بۆ ئەوەی توشی زیان نەبن”.