لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ مستەفا کازمیی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران هەڵگرتنی ڤیزای نێوان هەردوو وڵات ڕاگەیاند. 

 

ئەمڕۆ یەکشەممە 12ی ئەیلولی 2021، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران لە تاران کۆبوونەوە.

 

لەدوای کۆبوونەوەکە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، مستەفا کازمی ڕایگەیاند، “سوپاسی میواندارییەکەی سەرۆک دەکەین، کۆمەڵێک پرسی هاوبەشمان تاووتوێ کرد کە تایبەتن بە پەیوەندی برایەتی و مێژوویی نێوان هەردوولا.”

 

هاوکات بە ئاماژەدان بەوەی کە سوپاسی هەموو ئەو لایەنانە دەکەن کە لە شەڕی داعشدا هاوکاریی عێراقیان کردووە، کازمی ڕایگەیاند، “ئێران لە یەکەم ساتەوە لە شەڕی دژی داعش لەگەڵماندا بووە.”

 

لە بەرامبەردا ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند، “پەیوەندی قوڵمان لەگەڵ عێراق هەیە و چاویشمان لە پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکانە.”

 

وتیشی، “لە کۆبوونەوەکەماندا چەند بڕیارێکمان دا، لە نێویاندا ڕێککەوتین بە هەڵگرتنی ڤیزای نێوان هەردوو وڵات.”