ئەمڕۆ شاناز ئیبراهیم ئەحمەد کارگێڕى مەکتەبى سیاسی و سەرپەرشتیارى مەڵبەندی ١ى رێکخستنی سلێمانی (ی.ن.ک) پێشوازی لە شادی نەوزاد كرد.
لەدیدارێکدا کە زیاد جەبار سەرۆک و ژمارەیەک پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان ئامادەیبوون، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد وێڕای بەخێرھێنانی پەرلەمانتار شادی نەوزاد بۆ ناو ڕیزەکانی یەکێتی، لەوتەیەکیدا بڕیارەکەی شادی نەوزادی بەهەنگاوێکی هاوسەنگ و گرنگ لەقەڵەم دا لەژیانی سیاسی ئەو پەرلەمانتارەدا بەوپێیەى گواستنەوەى خەباتی پارلەمانی بۆ نێو فراکسیۆنی یەکێتی و متمانەدان و قایل بوون بەو سیاسەتەى کەئەم حزبە پەیڕەوی دەکات خۆی لەخۆیدا هەنگاوێکی گرنگە، و هیواى خواست لەگەڵ هەڤاڵەکانی تریدا لەفراکسیۆنی یەکێتی بتوانێت خزمەت بەسیاسەت و ئەجێندای ئەم حزبە بکات و کاربکات بۆ باشترکردنی ژیانی هاوڵاتیان.
لەبەرامبەر ئەو پێشوازییە شایستەیەدا، پەرلەمانتار شادی نەوزاد رایگەیاند، سەردانەکەی ئەمڕۆی بۆ مەڵبەندی رێکخستنی سلێمانی بەمەبەستی دەربڕینی ئامادەیی یە بۆ کارکردن و وتیشی: لێرەوە بەردەوامی بەکارەکانی (ی.ن.ک) دەدەم و لەچوارچێوەی فراکسیۆنی یەکێتی درێژە بە خزمەتەکانم دەدەم، لەبارەى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەرانی عێراقیشەوە، شادی نەوزاد بەڵێنی دا کە یەکەمین هەنگاوە سیاسییەکانی لەریزەکانی یەکێتیدا، کارکردن بێت بۆ سەرخستنی ھاوپەیمانی کوردستان و کاندیدەکانی.
لەبەرامبەردا شاناز ئیبراهیم ئەحمەد پێى راگەیاند: یەکێتی ماڵە گەورەکەی ھەمووانە، دەخوازین بەیەکەوە وەک فراکسیۆن و پەرلەمانتارانی یەکێتی پەرۆشتر کار بکەن لەسەر داوا و مافە رەواکانی خەڵکی کوردستان.
|
|||