سەرۆكی هاوپەیمانی كوردستان رایگەیاند، هەندێك هێز و لایەن لەعیراق دەیانەوێت وڵات بگەڕێنەوە بۆ سەردەمی حكومڕانی مەركەزی و ئەوەش مەترسی لەسەر دەستوری فیدڕاڵی دروستكردووە، بۆیە داوا لەهاوڵاتیان دەكەن دەنگ بدەن بە هاوپەیمانی كوردستان و كاندیدەكانی بۆ ئەوەی لەبەغدا پارێزگاری لەدەستور بكەن كە مافی كوردستانی تێدا پارێزراوە.
بەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە، قوباد تاڵەبانی، بەیاوەری لەگەڵ كاندیدەكانی هاوپەیمانی كوردستان سەردانی قەزای چەمچەماڵی كرد و چەپكە گوڵی لەسەر مۆنۆمێنتی چەمچەماڵ دانا و پاشان پەیامێكی ڕاگەیاند.
قوباد تاڵەبانی لە پەیامێكدا ڕایگەیاند:” ئەنفال برینێكی قورسە بە جەستەی نەتەوەكەمان و بۆیە ئەنفال كراین چونكە كورد بووین و داوای مافی خۆمان دەكرد.”
سەرۆكی هاوپەیمانی كوردستان ڕاشیگەیاند:” هێز و لایەن هەیە لە عیراق كە دەیەوێت مافەكانمان لێبستێنەوە، ئەو مافەی كە دەستوری عیراق پاراستوویەتی و لەئێستادا دەستووری عیراق لەژێر مەترسیدایە. هەر بۆیە ئێمە بە ناردنی كاندیدەكانی هاوپەیمانی كوردستانی دەتوانین ڕێگری لەو پیلانانە بگرین .”
قوباد تاڵەبانی داوای لە خەڵكی كوردستان كرد دەنگ بە كاندیدەكانی هاوپەیمانی كوردستان بدەن بۆ ئەوەی ئەوان لە بەغدا شەڕ لە سەر بوودجە و مووچە و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی خەڵكی كوردستان بكەن.