وتەبێژی فەرمی لیستی هاوپەیمانی كوردستان لە دیالە رایدەگەیەنێت، لەبازنەی چواری دیالی-خانەقین، تەنیا كاندیدییان (سۆزان مەنسور كەرەم)ە، بە ژمارە ٢٢ .

عەباس مەحمود، لەروونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە:”ئاگادارین هەندێك كاندید لەبازنەی چواری دیالی-خانەقین، لەكاتی خۆناساندن بە جەماوەری بەشەرەفی سنوورەكەمان خۆیان بە كاندیدی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان دەناسێنن.”

“لێرەدا ڕادەگەیەنین كە لیستی هاوپەیمانی كوردستان كە لە دوو حزبی سەرەكی (یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان) پێكدێت، لەم بازنەیە (تەنیا كاندیدی) ئێمە (سۆزان مەنسور كەرم)ە، بە ژمارە ٢٢ ناوبراو خوشكی شەهید لیوا حسێن مەنسورە كە لەپێناو پاراستنی ئەمنیەتی وڵاتەكەمان گیانی پاكی بەختكردووەو متمانەی تەواومان پێیە كە بتوانێت نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵكەمان لەپەرلەمانی عیراق بێت.”

“بەو كەسانەش كە بەشێوازە فرێوكارییە نادروستە خەرێكی كۆكردنەوەی دەنگن، ڕادەگەیەنین كە رووبەرووی دادگایان دەكەینەوە، بۆ ئەوەی سزای یاسایی خۆیان وەربگرن.”

 

قوباد تاڵەبانی و سۆزان مەنسور

وتەبێژی فەرمی لیستی هاوپەیمانی كوردستان لە دیالە لەكۆتایی راگەیەندراوەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووەك” ئەگەر ئەو كەسانە شایستەی نوێنەرایەتی خەڵكی خۆمان بوون لە نێو هاوپەیمانییەكەمان كاندید دەكران و نەوەك لە پێناو بەرژەوەندی تاكەسی و شەخسی خۆیان دەیانەوێت دەنگی كورد كەم بكەنەوەو ئەمەش دەچێتە خانەی هاوكاری كردنی نەیارانی ناوچەكەمان.بۆیە دەنگ بدەنە تاكە كاندیدی ئێمە چونكە نمایندەی شایستەو بەتواناو زمانزان و خاوەن دەنگێكی بوێرە بۆ چەسپاندنی مافە رەواكانی دانیشتوانی سنووری بازنەی چواری هەڵبژاردنی دیالە.”

 

شەهیدی سەركردە لیوا حسێن مەنسورە

سۆزان مەنسور خوشكی شەهیدی سەركردە لیوا حسێن مەنسورە، كە لەڕۆژی 31-1-2015، لەكاتی كۆنترۆڵكردنەوەی گوندی مەلا عەبدوڵا، بەدەستی تیرۆریستانی داعش شەهید بوو.