دوای رێککەوتنی نێوان وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق، بڕێک بەنزین لە بەغداوە گەیشتە پارێزگای دهۆک، ئەمەش دەبێتە هۆکار بۆ دابەزینی نرخی بەنزین.

موحسین تەها، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکان لە پارێزگای دهۆک رایگەیاند: “دوای ئەوەی وەزیری سامانە سرووشتییەکان لە بەغدا لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق رێککەوتن، بڕیاردرا کە هەزار و هەشتا مەتر سێجا بەنزین، بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان رەوانە بکرێت، ئێستا بەنزین گەیشتووەتە پارێزگای دهۆک”.

وتیشی: “لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکومەت، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و خودی وەزیری سامانە سرووشتییەکان ماوەیەکە لە هەوڵدابوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی باری سەرشانی خەڵک سوک بکرێت”.